بە ئامانجی رێگریکردن لە کۆچبەران، دەستەڵاتدارانی یۆنان دەستیان کردووە بە دروستکردنی پەرژینێکی پۆڵاینی 140 کیلۆمەتریی لە کەنارەکانی ڕووباری مێریک، کە هاوسنوورە لەگەڵ تورکیا.
تاکیس تیۆدۆریکۆس وەزیری پاراستنی هاوڵاتیانی یۆنان ڕایگەیاند، کە بڕیاری دروستکردنی پەرژین لەسەر سنوورەکانی یۆنان و ئەوروپا لەگەڵ تورکیا، لە ئەستۆی وەزارەتی پاراستنی هاوڵاتیانە. هاوکات ئاماژەی بەوەشدا کە 256 هەزار حاڵەتی پەڕینەوەی کۆچبەرانی نایاسایی هەبووە و لەلایەن پۆلیسی یۆنانەوە تۆمار کراون.
تیۆدۆریکۆس ڕوونیکردەوە کە کار لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بۆ دروستکردنی پەرژینەکە دەستی پێکردووە و، لە مانگی کانوونی یەکەمی 2022دا ڕاگەیەنرا، کە یۆنان 250 پۆلیسی سنوور بڵاودەکاتەوە بۆ توندکردنی ڕێوشوێنی چاودێری و ئێشکگرتن لە مێریکی سنووری تورکیا.
لەلایەکی دیکەوە، میدیا جیهانییەکان باس لەوە دەکەن، کە یۆنان چەندان کۆچبەریان دیپۆرتی نێو ئاوی خاکی تورکیا لە دەریای ئیجە کردۆتەوە، بەوەش چەندین کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە.
بەڵام دەستەڵاتدارانی یۆنان تا ئێستا ئەو دەنگۆیانەیان ڕەتکردۆتەوە، کە لەلایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و ڕۆژنامەگەری نێودەوڵەتی و سیاسەتمەداران و چەندین دامەزراوەوە سەبارەت بە فشارەکان و خستنە مەترسی ژیانیانی کۆچبەران لەلایەن یۆنانەوە ئەنجام دەدرێن.