هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران لە شاری سنە، لە پیلانێکی لەپێشداڕێژراودا تەلەفۆنیان بۆ گەنجێک کردووە و ناوبراویان بە بیانووی کارەکەی بانگهێشتی شوێنێکی دیاریکراو کردووە و، دواتر ڕفاندوویانە.
بەگوێرەی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی دووشەممە، ١٩ی بەفرانباری ٢٧٢٢ (٩ی جەنیوەری ٢٠٢٢)، کامران محەمەدی،خەڵکی گەڕەکی “حاجیئاوا”ی شاری سنە، لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لەو شارە ڕفێندراوە.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندییان بەو هاوڵاتییەوە کردووە، کە شارەزایی لە لووکەکێشیی بیناسازیی هەیە، بە بیانووی لوولەکێشییەوە بە کرێ دەستی زیاترەوە و بانگهێشتی شوێنێکی دیاریکراویان کردووە و، پاشان ڕفاندوویانە.
جێی باسە، لەکاتی ڕفاندنی ئەو هاوڵاتییە تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی لە بەردەستدا نییە و، بەدواداچوونی بنەماڵەکەشی بێ ئاکام ماوەتەوە.