لە ماوەی ٤ی مانگ تا ٢٠ی بەفرانباری ٢٧٢٢، نزیکەی ١٢ هاوڵاتی شاری سنە دەستگیرکراون، یا ڕفێندراون، کە هەندێکیان خوێندکارن.
بەگوێرەی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی سێشەممە، ٢٠ی بەفرانباری ٢٧٢٢ (١٠ جەنیوەری ٢٠٢٣)، دوو خوێندکاری زانکۆی تەکنیکی کچانی شاری سنە، بە ناوەکانی ئاسۆ مورادی، خەڵکی سەلاسی باوەجانی و فاتمە مورادی، خەڵکی شاری ئیلام، هەروەها هاوڵاتییەکی دیکە بە ناوی ڕەزا فەهیم تەمەن ٣۶ ساڵ و دانیشتووی شاری سنە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕفێندراون.
پێشتریش لە ڕۆژی دووشەممە، ١٩ی بەفرانباری ٢٧٢٢، زانیار ساعیدی تەمەن ٢٣ ساڵ، لە شارۆچکەی “سەعدی”ی شاری سنە ڕفێندراوە، هاوکات دوو هاوڵاتی دیکە بە ناوەکانی کامران محەمەدی، خەڵکی گەڕەکی “حاجیئاوا”ی شاری سنە و ساحیب ئەحمەدی، لە شارۆچکەی “نەنەڵە”ی ئەو شارە، ڕفێندراون.
هەروەها، ڕۆژی یەکشەممە، ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٢، وریا قەمەری خەڵکی شاری سنە، لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ڕفێندراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
لە ڕۆژی سێشەممە، ١٣ی بەفرانبار، سەیوان ئیبراهیمی، چالاکوانی فەرهەنگی لە کاتێکدا بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ دۆسیەی هاوژینەکەی بە ناوی “زارا محەممەدی”، مامۆستای ناسراوی زمانی کوردی چووبوو بۆ دادگای حکوومەت لە شاری سنە، دەستبەسەرکرا و پاش سێ ڕۆژ ئازاد کراوە.
لەو ماوەیەدا ڕێبوار نەجەفیان، تەمەن ١٨ ساڵ و خەڵکی شاری سنە، ڕۆژی دووشەممە، ١٢ی بەفرانباری ٢٧٢٢، لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە ڕفێندراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
هەروەها، ڕۆژی یەکشەممە، ١١ی بەفرانباری ٢٧٢٢، موحسین سوهرابی، پزیشکی نەخۆشخانەی “کەوسەر”ی شاری سنە، لەلایەن هێزەکانەوە ڕفێندراوە، هاوکات موختار ساعدی، دانیشتووی شاری سنە، بەشێوەیەکی دڕندانە و لێدان لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستگیرکراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
ڕۆژی چوارشەممە، ٤ی بەفرانباری ٢٧٢٢، ئومێد مەولایی دانیشتووی گەڕەکی “نەنەڵە”ی شاری سنە، لە بازگەی پشکنینی سەڵەواتاوا لەنێوان شارەکانی دێولان و سنە ڕفێندراوە و تا ئێستا چارەنووسی ناڕوونە.