پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا، بڕیارنامەی بە تیرۆریستناساندنی سوپای پاسدارانی ڕژێمی ئێرانی پەسەند کرد و، داوای لە وڵاتانی ئەندام و یەکێتی ئەوروپا کرد، کە سوپای پاسداران بخەنە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە، لە بەرانبەیشدا ئێران هەڕەشە لە ئەوروپا و ئەندامانی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا دەکات.
ڕۆژی چوارشەممە، ٢٨ی بەفرانباری ٢٧٢٢ی کوردی، بەرانبەر بە ١٨ی ژانڤییەی ٢٠٢٣ی زایینی، پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا لە کۆبوونەوەیەکدا بڕیارنامەیەکی پەسەند کرد، کە سوپای پاسداران بخرێتە لیستی ڕەشی تیرۆریستییەوە و، لەو بڕیارنامەیەدا داوا لە وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا و، هەروەها یەکێتی ئەوروپا دەکات، کە سوپای پاسدارانی رژێمی ئێران بخەنە لیستی ڕەشی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە.
چارلی ڤایمێرز نوێنەری وڵاتی سوید لە پەرلەمانی ئەوروپا، لە تویتێکدا نووسیویەتی: “پاش ئەوەی کە سوپای پاسداران دەخرێتە لیستی تیرۆریستییەوە، هەنگاوی دواترمان داواکارییە بۆ کۆتاییهێنان بە وتووێژ و دانوستانەکان “.
کۆمسیۆنی ئەوروپا بڕیاری بە تیرۆریستناساندنی سوپای پاسدارانی ڕژێمی ئێران یەکلایی دەکاتەوە و، چاوەڕوانییەکان ئەوەیە کە وڵاتی بەریتانیاش لە هەفتەی دابێت، سوپای پاسدارانی ڕژێمی ئێران بخاتە نێو لیستی ڕەشی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە.
لە دژکردەوەی بەو بڕیارانەی یەکێتی ئەوروپا، کاربەدەستانی ئەو ڕژێمە، بەرپرسانی سوپای تیرۆریستی پاسداران و، ئاخوندەکانی خامنەیی، هەڕەشەیان لە نوێنەرانی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا و، وڵاتانی ئەوروپایی و وڵاتانی ناوچەکەش کرد.
ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی ئێران، لەسەر کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا و بە تیرۆریستناساندنی سوپای پاسداران، دژەکردەوەی نیشاندا و وتی: “ئەو پڕۆژە یاسایە هیچ جێی نیگەرانی نییە و، سوپای پاسداران بەهێزتر لە جاران ڕێگەی خۆی درێژە پێ دەدات”.
بەگوێرەی هەواڵی میدیا ناوخۆیییەکانی ئێران، وەزیری ناوخۆی ڕژێمی ئێران، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتوویەتی: “ئەوەی کە لە ڕۆژاوا بیانهەوێ کارێک لە دەرەوەی بازنەی یاسای نێونەتەوەیی بکەن و، هێزێکی فەرمی وەک تیرۆریست بناسێنن، ئەوە نیشانەی لاوازی هزری و، ئەخلاقی و سیاسیی ئەوانە”.
هەروەها لەم بارەیەوە محەممەد نەبەویان، نوێنەری پەرلەمانی ڕژێمی ئێران، لە وتووێژێکی تەلەفزیۆنیدا بە هەڕەشەکردن لە یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی ناوچەکە وتی: “هەڕەشەکانی سوپای پاسداران لە ناوچەکەدا جیدی بگرن، لەسەر ئەوەی کە سوپای پاسداران بخرێتە لیستی ڕەشی تیرۆریستییەوە، بێدەنگ نابین و دژکردەوەی جیدیمان دەبێت”.
سوپای پاسداران لە ٢٢ی مارسی ١٩٧٩ی زایینی، لە کاتێکدا حیزبی کۆماری ئیسلامی بە ڕێبەرایەتی خومەینی، تازە دەستیان بەسەر شۆڕشی گەلانی ئێراندا گرتبوو و، خومەینی بوو بە ڕێبەری ڕژێمی تازە بەدەستەڵاتگەیشتووی ئێران، بە بڕیاری خومەینی بۆ پاراستنی خودی ئەو ڕێژیمە دامەزرا و،
ئەرکی سوپای پاسداران، پاراستنی وڵاتی ئێران و سنوورەکانی ئەو وڵاتە نەبووە و هەنووکەش نییە، بەڵکو هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە، تا ئێستا، ئەرکی پاراستنی دەستەڵات و ناوەڕۆک و ئایدۆلۆژیییەکانی ئەو ڕژێمەیە. پاشان ڕژێمی ئێران پڕۆژەی هەناردەکردنی ئایدۆلۆژییەکانی خۆی لەژێر ناوی شۆڕشی ئیسلامی بۆ دەرەوەی سنوورەکانی ئەو وڵاتە لە پەرلەمانی ئەو ڕژێمە پەسەند کرد و، ئەرکی جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیەشی بە سوپای تیرۆریستیی پاسداران سپێردرا.
سوپای پاسداران بۆ ئەم مەبەستەش لە ساڵی ١٩٨١ی زایینیدا، لقێکی بە ناوی سوپای قودس کە تایبەتە بە درەوەی سنوورەکانی ئێران دامەزراند. سوپای قودس لە وڵاتانی ناوچەکە وەک عێراق، سوریا، لوبنان، یەمەن و … ڕێکخراوگەلێکی تایبەت بە گرووپە شیعەکانی نزیک لە ڕژێمی ئیسلامیی ئێران دامەزراند، تا ئاسانتر بتوانێت پڕۆژەکانی ئەو ڕژێمە لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین جێبەجێ بکات.
نموونەی ئەم گرووپ و ڕێکخراوە تیرۆریستییانە بریتین لە؛ حیزبوڵڵای لوبنان، حوسییەکانی یەمەن، حەشدی شەعبی عێراق، هێزی فاتمیۆن کە تایبەتە بە پەنابەرە ئەفغانستانییەکان لە ئێران، بەمەبەستی ڕەوانەکردنیان بۆ سوریا، هێزی زەینەبیۆن و کۆمەڵێک گرووپ و ڕێکخراوی میلیشای دیکە، کە هەر کامەیان تایبەت بە وڵاتێک دامەزراندووە.
سوپای تیرۆریستی پاسداران، لە سەرەتاوە وەک هێزێکی چەکداری ناوخۆیی دامەزرا، بەڵام دواتر بوو بە ڕێکخراوێکی گشتگیر و هەمەکارە، کە هەنووکە و پاش زیاتر لە چل ساڵ لە دامەزراندنی، دەستی بەسەر بەڕێوەبردنی ئەو ڕژێمەدا گرتووە و، هەموو بە کردەوە سەرجەم دەزگا و ناوەندە حکوومەتە یاسایییەکانی خستووەتە پەراوێزەوە.
سوپای تیرۆریستی پاسداران، سەرجەم کاروباری سیاسیی ئەو ڕژێمەی بەدەستەوە گرتووە و، نموونەی گرینگرین ئەرکەکانیشی بریتین لە؛ دیاریکردنی سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوە، بەدەستەوەگرتن و بەڕێوەبردنی ئابووری ناوخۆیی و دەرەوە، کۆنترۆڵکردنی سەرجەم دامودەزگای ئەو ڕژێمە و دیاریکردنی فەرمانبەر بۆ هەموو دامودەزگاکان، کاری هەواڵگری ناوخۆیی و سیخوڕی بەسەر خەڵکی ناوخۆی ئێران، کە لقێکی تایبەت بەم مەبەستە بە ناوی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران دامەزراندووە، دیاریکردنی پێشوەختەی ئەندامانی بەناو پەرلەمان، دەستنیشان و دیارکردنی کابینەی حکومەتی ئەو ڕژێمە.