بزانە لە ماوەی یەک ساڵدا چەند هاوڵاتی ڕۆژهەڵات بوونەتە قوربانی سیاسەتەکانی ڕژێمی ئێران

لە دریژەی سیاسەتە چەوت و بێ بنەماکان و، هەروەها تاوانەکانی ڕژێمی مرۆڤکوژی ئیسلامی ئێران لەسەر خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا، چەندین هاوڵاتی ڕۆژهەڵات بوونەتە قوربانیی سیاسەتەکانی ئەو ڕژێمە.

بەگوێرەی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٢ی زایینیدا، بەهۆی مینە بەجێماوەکانی شەڕی ئێران و عێراق و ئەو مینانەی کە سوپای پاسداران دایناوەتەوە، ٣٦ هاوڵاتی ڕۆژهەڵات بوونەتە قوربانی، هەروەها ٥٢ هاوڵاتی دیکەش لە گرتووخانەکانی حکومەتی ڕژێمی داگیرکەری ئێران، لە شارەکانی کوردستان و ئێران لەسێدارە دراون، کە دوو کەسیان ژن بوون.

تەقینەوەی مینی چێندراوی سەردەمی شەڕی ٨ ساڵەی نێوان ئێران و عێراق، هەروەها ئەو مینانەی کە لەم دوایییانەدا لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان لەلایەن سوپای تیرۆریستیی پاسدارانەوە چێندراون، بە بەردەوامی خەڵکی مەدەنی کردووەتە قوربانی و، لەساڵی ٢٠٢٢ی زایینیدا، ٣٦ کەس بوونەتە قوربانی، کە زیاتر لە سەدا ٣٠.٥ی لەسەدی قوربانییەکانە، واتە ١١ کەسیان منداڵ و تەمەنیان خوار ١٨ ساڵ بووە.

بەپێی ئەو ئامارە، لە کۆی ئەو ٣٦ کەسە، ٦ کەسیان گیانیان لە دەستداوە و، ٣٠ کەسی دیکەش بریندار بوون، یا بەشێک لە جەستەیان لەدەستداوە. ساڵی ڕابردووش ٤٣ هاووڵاتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوونەتە قوربانی مینە بەجێماوەکان، کە ١٥ کەس کوژرابوون و ٢٨ کەسیش بریندار و کەمئەندام بوون.

هەروەها لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٢ی زایینیدا، لانی کەم ٥٢ هاوڵاتی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە گرتووخانەکانی ڕژێمی ئێران لە شارەکانی کوردستان و ئێراندا لەسێدارە دراون، کە بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەو ئامارە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوودا، ٨٪ زیادی کردووە، واتە چوار کەس زیاتر لەسێدرا دراون.

رێژەی لەسێدارە دراوان لە گرتووخانەکانی ڕژێمی ئیسلامی ئێران لە شارە جیاوازەکانی کوردستان و ئێران، بەم شێوەیە:

ئورمیە و خوڕەم‌ئاوا هەر کامیان ٩ کەس

ئیلام و کەرەج هەر کامیان ٨ کەس

کرماشان ٦ کەس

ئەراک ٥ کەس

سنە ٤ کەس و ئەلیگوودەرز، میاندواو و یەزد هەر کامیان ١ کەس لەسێدرە دراون

بەگوێرەی ڕەواڵی هەمیشەیی ڕژێمی ئیسلامی ئێران، لە پەردەپۆشکردن و شاردنەوەی سەرجەم جینایەت و تاوانەکانی خۆی لە کوردستان، دەزگای بەناو دادوەری و ناوەندە حکومەتییەکانی ئەو ڕژێمە، لە کۆی ئاماری لەسێدارەدانی ٥٢ کەس، تەنیا هەواڵی لەسێدارەدانی ٥ کەسیانی بە فەرمی بڵاو کردووەتەوە.

ڕەنگە بە دڵت بن