ساڵی ڕابردوو، زۆرترین ژمارەی داواکاری پەنابەری لەساڵی 2016ەوە لە ئەڵمانیا تۆمارکراوە، زۆرێک لە شارەوانییەکان گلەیی لە قەیرانی دابینکردنی خانووبەرە دەکەن، بەتایبەت دوای گەیشتنی یەک ملیۆن پەنابەری ئۆکرانیا و، داوا لە حکومەت دەکەن کە لێشاوی پەنابەران بۆ ئەڵمانیا بوەستێنێت.
سیاسەتمەدارانی پارتی دیموکراتی مەسیحی (CDU) و، یەکێتی سۆسیال مەسیحی (CSU) داوای ڕاگرتنی لێشاوی کۆچبەران بۆ ناو ئەڵمانیا دەکەن، ئەلێکساندەر ترۆم، وتەبێژی یەکێتی دوو حزبی بوندستاگ بە ڕۆژنامەی بیڵدی ئەڵمانی گوت: “ئامانجەکە ئەوەیە کە ژمارەی داواکارییەکانی پەنابەری سنووردار بکرێت بۆ کەمتر لە 200,000 هەزار کەس لە ساڵێکدا”.
ساڵی ڕابردوو نزیکەی 218,000 داواکاری پەنابەری لە سەرانسەری ئەڵمانیا تۆمارکراوە، کە زۆرترین ژمارەی تۆمارکراوە لە ئەڵمانیا لەدوای ساڵی 2016ەوە. وەزیری ناوخۆی باڤاریان یۆخیم هێرمان، بە ڕۆژنامەی بیڵد گوت: “ئەڵمانیا بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ئەوروپا، ڕێژەیەکی زیاتر لە تێکڕای پەنابەران وەردەگرێت، ئێستا شوێنی نیشتەجێبوونمان نییە و نابێت فشار بخەینە سەر توانای کۆمەڵگاکەمان”.
بەگوێرەی ئەو ژمارانەی کە لە نووسینگەی فیدراڵی کۆچ و کۆچبەران (BAMF)ەوە هاتووە، 217774 کەس لە ئەڵمانیا داوای مافی پەنابەرییان کردووە، کە لەسەدا 47ی ساڵی ڕابردوو زیادی کردووە، ئەوان زۆربەیان خەڵکی سوریان (70976) و، ئەفغانستان (36,358) و تورکیا (23938) و، ژمارەیەکی زۆریش لە پەنابەرانی عێراق و جۆرجیان.
کریستیان هارتمان سەرۆکی گرووپی پەرلەمانی CDU لە ساکسۆنی گوتی: “ناکرێت هەموو ساڵێک 200 هەزار پەنابەر بە هەمیشەیی وەربگرین، بەڵکو دەبێت قسە لەسەر جێبەجێکردنی بەردەوامی دیپۆرتکردنەوەی ئەو کەسانە بکرێت کە پێویستە وڵات بەجێبهێڵن”.