لەسەر هەڵوێستێکی کوردانە ماوەی دەستگیرکردنی مامۆستایەکی زمانی کوردی درێژ دەکرێتەوە

ماوەی دەستگیرکردنی مامۆستایەکی زمانی کوردی و چالاکوانی مەدەنی خەڵکی شاری سنە و، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی نۆژین، بۆ ماوەی چەند ڕۆژێکی دیکە درێژ کراوەتەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئامادەنەبووە بە زمانی فارسی وەڵامی لێکۆڵینەوەکان بداتەوە.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٧ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ی کوردی بەرانبەر بە ١٨ی دێسامبری ٢٠٢٢ی زایینی، ئیدریس مینبەری، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕژێمی ئیسلامی ئێرانەوە لە شاری سنە و، بەبێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی لە ماڵەکەی خۆیدا ڕفاندوویانە و، پاشان ماڵەکەشیان پشکنیوە، هاوکات کەلوپەل و کەرەستە تاکەکەسییەکانیشی وەک لاپتۆپ و مۆبایلەکەی بردوون.

ئەو مامۆستایە ماوەی زیاتر لە ٣٥ ڕۆژە لە گرتنگەی وەزارەتی ئیتلاعاتی شاری سنەدا ڕاگیراوە و بەردەوام لەژێر ئەشکەنجە و گوشار و لێپرسینەوەدایە، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و بارودۆخ و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ناوبراو، نادیارن.

لەلایەکی دیکەوە ڕۆژی چوارشەممە، ٢٨ی بەفرانباری ٢٧٢٢ی کوردی بەرانبەر بە ١٨ی ژانڤییەی ٢٠٢٣ی زایینی، سۆما پوورمحەمەدی، هاوژینی ئیدریس مینبەری، مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی نۆژین، لە کاتێکدا بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ دۆسییەی هاوژینەکەی سەردانی دادگای شۆڕشی ڕژێمی ئێرانی لە سنە کردبوو، لەلایەن هێزەکانی ئەو ڕژێمەوە ڕفێندراوە.

هەنووکە زارا محەمەدی، سەیوان ئیبراهیمی (هاوژینی مامۆستا زارا)، ئیدریس مینبەری و سۆما پوور محەمەدی، چوار ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی نۆژین، لە گرتووخانەکانی ڕژێمی ئێراندان. ئەنجومەنی نۆژین لەم پەیوەندییەدا ڕایگەیاندووە؛ مامۆستا ئیدریس ئامادە نەبووە وەڵامی لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوەکانی هێزەکانی ڕژێم بە زمانی فارسی بداتەوە و، وتوویەتی تەنیا بە زمانی کوردی وەڵام دەدەمەوە، بەم هۆکارە لەژێر گوشاری دڕندانەی هێزەکاندایە.

شایانی باسە، ساڵی رابردووش مامۆستا زارا محەمەدی لە ڕەوتی لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەکانی هێزەکانی ڕژێمەوە، ئامادە نەبووە بە زمانی فارسی وەڵام بداتەوە و، وتبووی تەنیا بە زمانی شیرینی کوردی وەڵام دەدەمەوە و، هۆکاری ئەم کارەشی بۆ ڕێزگرتن لە زمانی کوردی ڕاگەیاندووە. هەروەها مامۆستا زارا کاتێک بانگهێشتی وتووێژی تەلەفزیۆنی بەشی فارسی بی‌بی‌سی و دەنگی ئەمەریکا کرا، پێیانی ڕاگەیاندبوو من بە زمانی فارسی قسە ناکەم و دەبێت دیلمانجم بۆ بێنن.

ڕەنگە بە دڵت بن