کۆنگرەی ئەمەریکا پاڵشتی لە ڕاپەڕینی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد

کۆنگرەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، بڕیارنامەیەکی بە کۆی دەنگ بۆ پاڵپشتی لە ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان پەسەند کرد.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی هەواڵدەری “پی‌بی‌ئێس”، ڕۆژی چوارشەممە، ٥ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ی کوردی بەرانبەر بە ٢٢ی ژانڤییەی ٢٠٢٣ی زایینی، کۆنگرەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایگەیاندووە، کە بڕیارنامەیەک بۆ پاڵپشتی لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران بە کۆی ٤٢٠ دەنگی بەڵێ و ١ دەنگی نەخێر پەسەند کردووە و، لەو بڕیارنامەیەدا بە ڕاشکاوانە پاڵپشتی و پشتیوانی لە بەدەستهێنانی ماف و ئازادییەکانی خەڵکی ئێران و ڕۆژهەلاتی کوردستانیان ڕاگەیاندووە.

ئەو بڕیارنامەیە بۆ یەکەمجار لەلایەن لێژنەیەکی پێکهاتوو لە یاسادانەرانی هەردوو حیزبی دیموکرات و کۆماریخوازانی کۆنگرەی پێشتری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پیشنیار کرابوو و، پاش هەڵبژاردنی خولێکی نوێی کۆنگرە، جارێکی دیکە ئەو گەڵاڵەیە خرایەوە بەرباس و، لەلایەن نوێنەرانی هەردوو پارتەکەوە پەسەند کرا.

پەسەندکردن و ڕاگەیاندنی ئەو بڕیارنامەیە لە کاتێکدایە، کە چەند ڕۆژ پێشتر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، بەریتانیا و یەکێتی ئەوروپا، کۆمەڵێک گەمارۆی نوێیان بەسەر بەرپرسان، ڕێکخراو و ناوەندەکانی حکومەتی ڕژێمی ئێراندا سەپاند، هەروەها پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا سوپای پاسدارانی ئەو ڕژێمەی بە تیرۆریست ناساند.

ڕەنگە بە دڵت بن