لێکۆڵینەوەیەکی نوێ کە لەلایەن رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیاوە بڵاوکراوەتەوە لەسەر بەرزبوونەوەی دراماتیکی ژمارەی ئەو منداڵە کۆچبەرانەی، کە لەبەردەم سەنتەرەکانی پێشوازی و چاودێریی پەنابەران رفێندراون.
ڕۆژنامەی گاردیان، لێکۆڵینەوەیەکی لەسەر دیارنەمانی دەیان منداڵی کۆچبەری لە سەنتەری پێشوازیکردنی برایتۆن بڵاوکردۆتەوە، کە ناوەندەکە ڕاستەوخۆ لەژێر بەڕێوەبەرایەتی وەزارەتی ناوخۆدایە، ئەوەش خراوەتەڕوو کە کۆچبەرانی (بێ سەرپەرشت) لەلایەن چەتەکانی تاوانەوە ڕفێندراون.
لێکۆڵینەوەکە ئاماژەی بە شانەی کارمەندانی خزمەتگوزاری منداڵان کردووە، کە پشتڕاستی دەکاتەوە ڕفاندنەکان بەشێوەیەکی نزیک ڕۆژانە لە بەردەم دەروازەی سەنتەرەکە ئەنجام دراوە.
بەگوێرەیی ڕۆژنامەکە، بەلایەنی کەمەوە شەش کۆچبەری مێرمنداڵ، لەسەرەتای مانگی نیسان لە سەنتەری برایتۆن دیار نەماون، هاوکات تەنیا لە مانگی ئابدا 40 هەرزەکار دیارنەماون.
دەگوترێ کە ئەو چەتە ئەلبانی و ئەریتیرییە تاوانبارانەی کە لە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە تێوەگلاون، بەرپرسیارن لە ڕفاندنی کۆچبەرە منداڵەکان، وە چەند جارێکیش ئەو کێشەیە بۆ وەزارەتی ناوخۆ بەرزکراوەتەوە، بەڵام هیچ شتێک نەگۆڕاوە.
“بە منداڵەکان دەڵێن کە دەنێردرێنە ڕواندا”
وەزارەتی ناوخۆ دەڵێ، هەموو ئەو منداڵانەی لە چاودێری ئێمەدان سەلامەتن و لەژێر چاودێرییەکی تونددان و هەمووشیان تا ئەو کاتەی کە دەکرێت پشتگیری دەکرێن.
بەڵام ئەو سەرچاوانەی کە بۆ ڕۆژنامە بەریتانییەکە لێدوانیان داوە، ئەو قسانەی وەزارەتیان بەدرۆخستەوە و ڕایانگەیاندووە، کە باندە تاوانبارەکان سیاسەتی وەزارەتی ناوخۆ بەکاردەهێنن، ئەوەش دیپۆرتکردنەوەی پەناخوازان بۆ ئەفریقا، وەک ئامڕازێکی قایلکردن، بە منداڵان دەڵێن ئەگەر لە ناوەندەکە بمێننەوە، ئەوا دەنێردرێنە رواندا، بۆیە ئەوانیش ناچار دەبن شوێن ئەو چەتانە بکەون.
لە ماوەی 18 مانگی ڕابردوودا نزیکەی 600 منداڵی بێسەروشوێن بەناو سەنتەرەکەدا تێپەڕیون و، لەو ماوەیەدا 136 منداڵی بێسەروشوێن بڵاوکراونەتەوە، کە تا ئێستا زیاتر لە نیوەیان (79 کۆچبەر) بێسەروشوێنن.