ویلایەتە یەكگرتووەکانی ئەمريکا
چەند خولەکێک بۆ سوات، SWOT

بارزان ئەردەڵان

چەند پێشهاتێکی ئەم دواییە، کە ئاستەنگ و خاڵی لاوازیین، تەنێ لوتکەی چیابەفرینەکەن، و کاریگەرییان تێدەپەڕێت لە گرفتی کورتخایەنی وەک نرخی دۆلار، بەرەو مووچەی کارمەندانی کەرتی گشتیی، و چارەنووسی هەرێمەکەش، بۆیە بە چەند خولەکێک باسی هەندێکیان دەکەین:
١- پێشتر هەواڵێک هەبوو سەبارەت بە بڕیاری نادەستورێتی سێ مادە یان تەواوی بەدەنی «کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان» لە لایەن دادگای فیدراڵییەوە. ئەم چێشتە کۆنە لەگەڵ مشتومڕ لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پاشوەخت، دیسان دەخرێتەوە مایکرۆوەیڤ. خوام بکات کێشەکانی خودی هەڵبژاردن بە خۆی، پێویستی بە هەڵبژاردن یان ریفراندۆمێک نەبێت. هەر لەم بوارەدا، جێی سەرنجە کۆتایی ئەم مانگە دادگای فیدراڵ دادەنیشێت بۆ تاوتوێی سکاڵایەک سەبارەت بە نایاسایەتیی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان.
٢- هاڵک بانک بە شوشتنەوەی پارە و ناردنی دراوی قورس بۆ ئێران لەژێر ڕاداری ويلایەتە یەكگرتووەکانە. تەنانەت میدبانکی لوبنانی، دوو لەو بانکانەی لەگەڵ حکومەتی هەرێم سەودایان هەیە، بێجگە لە چەند بانکێکی ناوخۆییش، ڕادارەکەیان لەسەرە. لە ڕاستییدا، مەرج و بەندەکانی رێپێدان بۆ بەکارهێنانی حەواڵە و سویفت, و سزا نێودەوڵەتییەکان, ئاسان نین، و لایەنە سەپێنەرەکانیش چاوپۆشییان لێ ناکەن.
٣- یەک خستنەوە یان نەخستنەوەی هێزی پێشمەرگە هەڕەشەیە لەسەر هاوکارییەکانی هاوپەیمانان. یارمەتییەک کە بە مەرجی تریشەوە گرێدراوە و ڕەنگە نەتوانین پشتمان ڕاست بگرین لەژێریاندا. ئەم ئاستەنگە وەک ئەوانەی تر بەشێکە لە کێشەی گەورەتر؛ نەسازان و ترازانی ناوماڵی کوردان، و گەردێ نەبیت مە ئیتفاقەک، و ڤێگرا نەکر مە ئینقیادەک، دێ ببینەوە خوڵامی عەرەب و ترك و عەجەم.
٤ – دادگای فیدراڵیی عیراق ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بە نادروست وەسف دەکات. ئەمە، بە دەر لە پێشێلی نزیکەی 55 مادەی دەستوری. ڕاستییەکەی ئەو برا چاوڕەشانە تەنێ بەشە تاڵەکە بە کورد ڕەوا دەبینن و دێ تەنگ بە مادەکانی تریش هەڵبچنن.

گەندەلی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتیش بابەتێکی گرنگن، ئاو زۆر دەکێشێت، بۆ دەرفەتێکی تر.

سەبارەت خاڵەکانی ئەرێنی و دەرفەتەکانی پێشمان، دەبێت هێشتا لە چاوەڕوانی گۆدۆدا بین بۆ یەکلاکردنەوەی گەنگەشەی بێزەنتییانەی ناوخۆییمان؛ ئەرێ فریشتەکان نێرن یان مێ؟

ڕەنگە بە دڵت بن