خانمە رۆژنامەنووسێک بە چەند جۆرێ سزا دەدرێت

کچە ڕۆژنامەنووسی خەڵکی شاری سەقز، کە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی ئێران و لە شاری تاران دەستبەسەر کراوە، لەلایەن دادگای شۆڕشەوە سزای دوو ساڵ بەندکردن و، پێبژاردنی ١۵ ملیۆن تمەنی ئێرانی بەسەردا سەپێندراوە، هەروەها ماوەی ۵ ساڵ گەشتکردنی ناوبراو بۆ دەرەوەی ئێرانی لێ قەدەغە کراوە.

بەگوێرەی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ نازیلا مەعرووفیان، هەواڵنێر و ڕۆژنامەنووس و خوێندکاری زانکۆی “عەلامە”ی تاران، وێڕای ئەوەی کە لە لاپەڕەی تویتەری خۆی هەواڵی مەحکوومکرانەکەی بڵاو کردووەتەوە، ڕایگەیاندووە: “بەپێی بڕیاری لقی ٢۶ی دادگای شۆڕش بە سەرۆکایەتی دادوەر ئەفشاری، سزای دوو ساڵ بەندکردن، ١۵ ملیۆن تمەن پێبژاردنی پارە و، هەروەها قەدەغەبوونی سەرفەرکردن بۆ دەرەوەی ئێران بۆ ماوەی ۵ ساڵ بەسەرمدا سەپاوە”.

ئەو تۆمەتانەی بەسەر ئەو ڕۆژنامەنووسە کوردەدا سەپێندراوە بەمشێوەیە ڕاگەیەندراوە؛ “چالاکی دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی” و “بڵاوکردنەوەی درۆ و دەلەسە بەمەبەستی شێواندنی بیروبۆچوونی گشتی لەڕێگەی بڵاوکردنەوەی وتووێژێک لەگەڵ باوکی ژینا ئەمینی”.

نازیلا مەعرووفیان، ڕۆژی چوارشەممە، ١٤ی بەفرانباری ٢٧٢٢، لە کاتی پێڕاگەیشتن بە دۆسیە و تۆمەتەکانی لە دادگا، بەهۆی گوشارە دەروونییەکان بۆ سەری، ناوبراو بێهۆش بووە و بۆ نەخۆشخانە گوازراوەتەوە، پاشان بەبێ ئەوەی کە ڕەوەندی دەرمانی و چاودێری پزیشکی تێپەڕ بکات، گەڕاندوویانەتەوە گرتووخانە.

ئەو خانمە ڕۆژنامەنووسە، پێش ئەوەی کە دەستبەسەر بکرێت، وەک هەواڵنێری “ڕویداد ٢٤” کاری کردووە؛ پاش بڵاوکردنەوەی وتووێژێکی خۆی لەگەڵ باوکی ژینا ئەمینی، شەوی یەکشەممە، ٨ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری تاران دەستبەسەر کراوە و، بۆ بەندی ٢٠٩ی گرتووخانەی ئێڤین گوازراوەتەوە.

ڕەنگە بە دڵت بن