لە سەرهەڵدانی دووبارەی ڕۆژی ١٢ی ڕێبەندان، تا هەنووکە لە شاری ئاودانان، دوازدە هاوڵاتی خەڵکی ئەو شارە، لەلایەن هێزەکانی ڕژێمی ئێرانەوە دەستگیرکراون.
لە درێژەی ڕاپەڕین و بەرخودانی جەماوەری خەڵکی شۆڕشگێڕی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و، ڕەشبگیری هێزەکانی ڕژێمی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا، واتە لە سەرهەڵدانەوەی دووبارەی ڕاپەڕینی جەماوەریی شاری ئاودانانی سەر بە پارێزگای ئیلام، لە ١٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ی کوردی بەرانبەر بە ١ی فێبرییەی ٢٠٢٣ی زایینی، تا ئەمڕۆ، دوازدە هاوڵاتی خەڵکی ئەو شارە، لەلایەن هێزەکانی ڕژێمی داگیرکەری ئێرانەوە ڕفێندراون، یا دەستگیرکراون.
ڕێخراوی مافی مرۆڤی کوردپا، ناوی ئەو دوازدە هاوڵاتییەی بەم شێوەیە ڕگەیاندووە؛ محەمەد چراغی، زەبیحوڵڵا جەمادی، سامان مورادیوەند، موجتەبا سەعیدی، ئەمیرحوسێن نامداری، عەبدوڵڵا جامی، مەجید میرزایی، عەلیسەفەر میرویسی، محەمەد غوڵامی، ساسان محەمەدوەلی، عەلی بەرفی و سارم خێری، بەهۆی بەشداریی لە ڕاپەڕینی جەماوەریی ئەو شارە و، لە ماوەی ئەو سێ ڕۆژەدا ڕفێندراون، یا دەستگیرکراون.