ئەم وڵاتەش هەوڵی دیپۆرتکردنەوەی پەنابەران دەدا

چەند ڕۆژێک پێش کۆبوونەوەی ئەوروپا لەسەر کێشەی کۆچ و پەنابەری، ئۆپۆزسیۆنی ئەڵمانیا داوای کۆبوونەوەی لە راوێژکاری ئەڵمانیا شۆڵتز کرد، تا گفتوگۆکردن لەسەر ڕێگاکانی چارەسەرکردنی کۆچبەران بکەن.

سەرکردەکانی کۆمەڵەی پەرلەمانی یەکێتی مەسیحییەکان کە ئێستا گەورەترین کوتلەی ئۆپۆزسیۆنی ئەڵمانیان، داوای لوتکەی نێوان ئۆلاف شۆڵتز و ویلایەتە ئەڵمانییەکان لەسەر پەنابەران دەکەن، ئەوەش لەسەر کێشە گەشەسەندووەکان لە دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون بۆ پەنابەران.

تۆرستن فرای، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پەرلەمانی یەکێتی مەسیحییەکان لە پەرلەمانی ئەڵمانیا “بوندستاگ”، بە ڕۆژنامەی “تاگسپیگل ئام سۆنتاگ”ی ڕاگەیاند، لە کۆبوونەوەیەکی وەهادا ناتوانین تەنیا باس لە دابەشکردنی تێچوونەکان بکەین بۆ وەرگرتنی پەنابەران و دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون، بەڵکو پێویستە باس لە ڕێوشوێنی کاریگەر بکەین بۆ کەمکردنەوەی پەنابەری.

سەرۆکی حکومەتی ویلایەتی نۆردراین-وێستفالیا (ڕۆژئاوا)، هێندریک فۆست، پارتی پارێزگاران، لەگەڵ سیاسەتمەدارانی دیکە لە ویلایەتەکانی ئەڵمانیا و ناوچە ناوخۆییەکان، بەم دواییانە هۆشدارییان دا لە زیادبوونی ژمارەی پەنابەران.

ژمارەی ئەو کەسانەی کە ساڵی پار داوای پەنابەرییان لە ئەڵمانیا کردووە، لەساڵی 2021دا نزیکەی 47٪ زیادی کردووە، ئەوەش بەگوێرەی ئامارەکانی دەستەڵاتی فیدراڵی کۆچ و کۆچبەران.

218,000 کەس بۆ یەکەم جار لە ساڵی ڕابردوو داوای پەنابەرییان کردووە.

شۆڵتزی ڕاوێژکار لە لێدوانەکانی ڕۆژنامەی بیلد ئام سۆنتاگ بەشداری لە گفتوگۆکەدا کرد و جەختی لە “پێویستی” ئەو کۆچبەرانە کردەوە کە وەک پەنابەر نەناسراون و. لەو وڵاتەدا کار ناکەن و “ناتوانن داوای پاراستن لە ئەڵمانیا بکەن”.

هاوکات شۆڵتز دانی بەوەدا نا کە کێشە لەگەڵ وڵاتانی بنچینە هەیە بۆ ئەوەی ڕێگە بە هاوڵاتیانیان بدرێت دیپۆرت بکرێنەوە. گوتیشی سیاسەتمەداری پارتی لیبراڵی ئازاد، یۆخیم ستامپ وەک کۆمیساری کاروباری کۆچ و کۆچبەران دەستنیشان کراوە و، ئەرکیشی دانوستانە لەگەڵ وڵاتانی بنچینە و ڕێککەوتن لەم بوارەدا بۆ دیپۆرتکردنەوەی پەنابەران واژۆ بکات.

جێی باسە، پێشبینی دەکرێت ڕۆژی چوارشەممە و پێنج شەممەی داهاتوو لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکی کۆبوونەوەی ئەوروپا لەسەر کێشەکانی کۆچبەران ئەنجام بدرێت.

ڕەنگە بە دڵت بن