ناوەندی نووسەرانی کوردستان، بەبۆنەی کارەساتی بوومەلەرزەکەی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و، وێڕای هاوخەمی و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قوربانییانی ئەو کارەساتە، داوا لە کۆمەڵگەی کوردستان دەکات، کە بە هانای لێقەوماوانەوە بچن.
لە بەشێکی ئەو ڕاگەیەندراوەدا سەرەڕای ئاماژەدان بە بوومەلەرزەکەی چەند ڕۆژی پێشتری شاری خۆی و، بوومەلەرزەکەی ڕۆژی ڕابردووی باکوور و ڕۆژاوا، کە باشووریشی گرتەوە، هاتووە: زۆر بەداخەوە ئەم بوومەلەرزەیە لە باکوور و ڕۆژاوای کوردستان کارەساتی دڵهەژێنی لێ کەوتووەتەوە و، بەپێی دوایین ئامارەکان، چەند هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و بریندار بوون، هەروەها بەهۆی بوومەلەرزەکەی شاری “خۆی”یەوە چەند کەس گیانیان لە دەستدا و سەدان کەسیش بریندار بوون.
هەروەها لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ناوەندی نووسەرانی کوردستان، وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری قوربانییانی ئەو کارەساتە ناخهەژێنە، کە بۆ کوردستان هاتووەتە پێش، هیوای چاکبوونەوە و تەندروستی بۆ بریندارەکان دەخوازێت و هاوخەمی خۆی لەگەڵ ڕۆژهەڵات، باکوور و ڕۆژاوای نیشتمان دەردەبڕێت.
ناوەندی نووسەرانی کوردستان لە کۆتاییشدا داوا لە سەرجەم کۆمەڵگەی کوردستان دەکات، کە بە هانای خەڵکی لێقەوماو و بوومەلەرزەلێدراوەوە بڕۆن و، وەک هەمیشە هەڵوێستی نیشتمانییان هەبێت.
ناوەندی نووسەرانی کوردستان، ساڵی ٢٠٠٤ لەلایەن کۆمەڵێک نووسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لەژێر ناوی کانوونی نووسەرانی کوردستان/ ڕۆژهەڵات دامەزرا و، پاشان لە کۆنفرانسی سێهەمی خۆیدا کە لەساڵی ٢٠١٩ی زایینی بەڕێوەچوو، ناوی بۆ ناوەندی نووسەرانی کوردستان گۆڕدرا.