ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا، زانیاریی نوێی لەسەر چۆنیەتی شەهیدکردنی هاوڵاتییەکی خەڵکی شاری سنە، لە ڕاپەڕینی خەڵکی ئەو شارەدا بڵاو کردووەتەوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا لە وتووێژێکدا لەگەڵ کەسێکی نزیکی بنەماڵەی پەیمان مینبەری، یەکێ لە شەهیدەکانی ڕاپەڕینی “شۆڕشی ژینا”، کە لە شاری سنە شەهید بوو، کۆمەڵێ زانیاری نوێی سەبارەت بەشێوازی شەهیدبوونی ئەو هاوڵاتییە، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕژێمی ئیسلامی ئێرانەوە بەدەستهێناوە و بڵاوی کردووەتەوە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانە: پەیمان مینبەری لە ڕەوتی ڕاپەڕینی خەڵکی شاری سنەدا لە پشتەوە و بە کۆڵتی کەمەری لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕژێمی ئێرانەوە کراوەتە ئامانج و، بەهۆی بەرکەوتنی گولـلە بەر دڵی، دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە و شەهید بووە، پاشان تەرمەکەی گوازراوەتەوە بۆ پزیشکی یاسایی و، لە بەڵگەی کۆچی دوایی ناوبراودا، هۆکاری مەرگەکەی “بەرکەوتنی شتی تیژ، یا سەخت” ڕاگەیەندراوە.
هەروەها کوردپا لە زاری ئەو سەرچاوەیە کە بە هۆکاری ئەمنییەتییەوە ناوەکەی ئاشکرا نەکردووە، ڕایگەیاندووە: “بنەماڵەی پەیمان مینبەری لەلایەن ناوەندە حکومەتی و قەزایییەکانەوە لەژێر گوشاردان، کە بۆ تۆمارکردنی سکاڵا سەردانی دادگای ئینقلابی حکوومەت لە شاری سنە بکەن، بەڵام ئەوان ئەم داخوازییەیان ڕەت کردووەتەوە”.
ڕۆژی یەکشەممە، ٦ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ی کوردی بەرانبەر بە ٢٧ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣ی زایینی، بنەماڵەی پەیمان مینبەری بە فەرمی پێیان ڕاگەیەندراوە کە بۆ تۆمارکردنی سکاڵا سەردانی لقی ٤ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی حکوومەت لە شاری سنە بکەن، بەڵام ساحێبە وەیسی، دایکی شەهید پەیمان مینبەری داخوازییەکەی ڕەت کردەوە و، ڕایگەیاند: “کۆماری ئیسلامیی ئێران بکوژی کوڕەکەی منە.”
ماوەیەک پێش، دایکی پەیمان مینبەری لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ڕایگەیاند کە “کۆماری ئیسلامی وەڵام بداتەوە کە بۆچی خوێنی کوڕەکەم ڕژا؟”
ڕۆژی شەممە، ١٦ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ بەرانبەر بە ٨ی ئوکتۆبری ٢٠٢٣ی زایینی، پەیمان مینبەری، تەمەن ٢٥ ساڵ و کوڕی ئەیووب و ساحێبە، خەڵکی گوندی “نییەر”ی سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی شاری سنە و دانیشتووی خودی شاری سنە، لە ڕەوتی ڕاپەڕینی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی داگیرکەری ئێران شەهید کرا و کاتژمێر ٢ی نیوەشەوی ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی ڕەزبەر، بە بەشداریی ئەندامانی بنەماڵەکەی و بە چاوەدێریی چروپڕی هێزە حکوومەتییەکانی ڕێژیمی ئێران لە گۆڕستانی “بەهەشتی محەممەدی”ی شاری سنە ئەسپەردە کرا.
پەیمان مینبەری لە دوایین ستۆریی ئینستاگرامەکەیدا نووسیبووی: ” ئەمە دەبێتە باشترین شەممەی مێژوو، ناڕەزایەتیدەردەبڕین، مان دەگرین، بە قەوڵی خۆیان تێک دەدەین، ئێغتشاش دەکەین، کەسێک بیهەوێ ڕێگامان لێ بگرێ، لەگەڵی دەرگیر دەبین، بریندار بین، شەهید بین، شەقامەکانی شار دەکەینە جەهەنەم بۆیان، تا ئازادیی تەواوی خەڵکەکەم و بنەماڵەکەم و شارەکەم درێژە دەدەم.”