دادگای تاوانەکانی (نانت)، سێ پەنابەریان بە تۆمەتی هەمەجۆر سزای نێوان دوو بۆ پێنج ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێندرا، ئەوەش بەهۆی ئەنجامدانی کاری نایاسایی وەک دزی و فرۆشتنی دەرمانی ساختە و جگەرە و ماددەی هۆشبەر، هاوکات تۆمەتباران توندوتیژییان بەرامبەر کۆچبەران بەکارهێناوە بۆ ئەوەی ناچاریان بکەن، تا کاریان بۆ بکەن.
ئەو سێ پەنابەرە لە بنەڕەتدا جەزائیرین و، سوودیان لە کۆچبەرانی دیکە وەرگرتووە بۆ فرۆشتنی ماددە هۆشبەرەکان و جگەرەی ساختە، بۆ ئەوەی کۆنتڕۆڵی تەواوی کۆچبەران مسۆگەر بکەن، تۆمەتبارەکان شێوازی دڕندانەیان بەکارهێناوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵیاندا، لەوانە لێدان و هەڕەشەی کوشتن.
لێکۆڵینەوەکان تیشکیان خستەسەر ڕۆڵی تۆمەتباران لەپێکهێنانی گرووپێکی چەتەگەری، کە دەیانویست کۆچبەرانی جەزائیری بهێننە (نانت) و، پاشان ناچاریان بکەن بەشداری لە چالاکییە تاوانکارەکانیاندا بکەن، وەک (فرۆشتنی ماددی هۆشبەر و دەرمانی ساختە و جگەرە، یا ئەنجامدانی دزی.
جێی باسە، سزای ئەو سێ پەنابەرە، لە دوو بۆ پێنج ساڵ زیندانی و دواتریش بۆیان نییە تا دە ساڵی بڕۆنەوە فەرەنسا.