دوای ئەوەی بەلەمەکەیان لە دوورگەیەکی یۆناندا نقوم بوو، پاسەوانی کەناری ئەو وڵاتە دەڵێ، کە سێ کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە و، 20ی دیکەش هێشتا بێسەروشوێنن.
ئەو سێ کۆچبەرەی گیانیان لەدەستداوە، دوو ژن و پیاوێک بوون و، بەشێک بوون لە گرووپێک کە نزیکەی 41 کۆچبەر بوون، وتەبێژێکی چاودێریش دەڵێت، بەلەمێکی لاستیکییان پێبووە و لە نزیک دوورگەکە نوقم بوون.
ئەو دووپاتی کردەوە کە وێڕای بوونی بای بەهێز، تا ئێستا 16 کۆچبەر ڕزگارکراون، لە کاتێکدا گەڕانەکان بەردەوامن لەڕێگەی زەوی و دەریا و ئاسمانیشەوە،
جێی باسە، ئەمە دووەم خنکانی ئەم هەفتەیەیە، کە پێنج کۆچبەر (چوار منداڵ و ژنێک) لە ڕۆژی یەکشەممەدا پاش ئەوەی بەلەمەکەیان لە دوورگەی لرۆس نقوم بوو مردن.