گەنجێکی خەڵکی شاری قوروە، پاش ئەوەی کە لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی حکوومەت لەو شارە ڕفێندراوە، بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
بەگوێرەی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی یەکشەممە، ١٦ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ (٥ی فێبریوەری ٢٠٢٣)، مەجید کووهی، لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو شارە ڕفێندراوە.
بە وتەی سەرچاوەکان، هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات، لە کاتی ڕفاندنیدا، سەرەڕای ئەوەی کە ماڵەکەیان بەتەواوەتی پشکنیوە، کەلوپەل و کەرەستەی نێو ماڵەکەشیان تێکوپێکداوە.
جێی باسە، بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو گەنجە بۆ چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی، هیچ ئاکامێکی نەبووە و، هێزەکانی ئیتلاعاتی حکوومەت لە شاری قوروە ئامادەی وەڵامدانەوە نین.