لەبەیاننامەیەکدا چەندین ڕێکخراو و چالاکوان لە چینە جیاوازەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و سوریا داوای کردنەوەی دەروازە سنوورییەکان دەکەن، کە لەلایەن ملیشیا و چەکدارانی ناوچەکە داخراون و ناهێڵن کۆمەک و هاریکاری بۆ لێقەوماوانی بومەلەرزەکە بگەیەنرێت.
لەبەیاننامەیەکدا، 138 ڕێکخراوی جیاجیای ڕۆژئاوای کوردستان و سوریا داوای کردنەوەی دەروازە سنوورییەکان و ناوخۆییەکان دەکەن، تا کۆمەک و هاوکارییەکان بۆ ڕزگاربووانی کارەساتی بومەلەرزەکە بگەیەنرێت، کە ڕۆژی06.02.2023 ناوچەکانی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستانی گرتەوە.
ئەمەو ڕێکخراوەکان و چالاکوانان داوای وەڵامێکی گشتگیر و جیاکاری بۆ کارەساتی بومەلەرزەی 6ی شوبات دەکەن، هەروەها داوای یارمەتی مرۆیی و کۆمەک بۆ هەموو ناوچە زیان لێکەوتووەکان بەبێ جیاوازی مسۆگەر بکرێت و، ئەم جۆرە یارمەتیانە لەلایەن هیچ لایەنێکی سیاسی و سەربازیەوە ڕێگری لێنەکرێت.
لەدرێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە، حکومەتی سوریا و تورکیا و چەکدارەکانییان کە ناوچەکانیان داگیرکردووە، بەرپرسیاری سەرەکین بۆ کردنەوەی دەروازەکان و گەیاندنی هاوکارییەکانی ڕێکخراوەکان بۆ زیان لێکەوتوانی بومەلەرزەکە بەجیاوازی، هەر ڕێگرییەک لەم بوارەدا دژی مرۆڤایەتی و یاسا نێودەوڵەتییەکانە.
لەبەشێکی تردا، داوا لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەکەن تا بە ئەرکی خۆی لە ناوچە هەستێت، هەروەها داوا لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەکەن کە کۆمەک و هاوکارییەکان بەبێ جیاوازی بگەیەنرێت.
لەکۆتایی بەیاننامەکەدا داوا لە وڵاتانی دراوسێش دەکەن، کە سنوورەکانیان بەڕووی هاوکارییەکاندا بکەنەوە.
س،ح