سەیوان ئیبراهیمی، سروە پوورمحەمەدی و سۆما پوورمحەمەدی، ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتی نۆژین، بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی ئازادکران.
بەگوێرەی ئاگادارییەک کە ئەنجومەنی نۆژین بڵاوی کردووەتەوە؛ ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ی کوردی بەرانبەر بە ١٣ی فێبریەی ٢٠٢٣ی زایینی، سێ کەس لە ئەندامانی دەستگیرکراوی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتی نۆژین لە شاری سنە، بە ناوەکانی، سەیوان ئیبراهیمی، سروە پوورمحەمەدی و سۆما پوورمحەمەدی، کە لە ڕەوتی شۆڕشی ژینا لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی ڕژێمی داگیرکەری ئێرانەوە لەو شارە دەستگیرکرابوون، بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی تا بەڕێوەچوونی دادگاییەکەیان لە گرتووخانە ئازادکران.
سەیوان ئیبراهیمی و سۆما پوور محەمەدی، لەڕێکەوتی ٢٨ی بەفرانباری ٢٧٢٢ی کوردی و، سروە پوورمحەمەدی لەڕێکەوتی ٩ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ی کوردی، لەلایەن هێزە جێگیرکراوەکانی ڕژێم لە شاری سنە، بەبێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی و دادوەری دەستگیرکرابوون.
شایانی باسە، کە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، سێ ئەندامی دیکەی ئەنجومەنی فەرهەنگی ـ کۆمەڵایەتی نۆژین، بە ناوەکانی، زارا محەمەدی، ئیدریس مینبەری و واران محەمەدنەژاد، لە گرتووخانە ئازادکران.