وەرزشوانێک دەڕفێندرێت

عینایەت تاجیدینی، وەرزشکاری خەڵکی شاری هەرسینی سەر بە پارێزگای کرماشان، لە دوای پۆشینی تیشێرتێک کە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” لەسەر نووسرابوو لەکاتی بەڕێوەچوونی یارییەکی تۆپی پێ، لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە ڕفێندرا.

بەگوێرەی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی، ٢٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢، (١٧ی فێبریوەری ٢٠٢٣) عینایەت تاجیدینی، خەڵکی گوندی “تلیاب”ی سەر بە شاری هەرسین، کاتژمێرێک دوای تەواوبوونی پێشبڕکێیەکی وەرزشی، بەهۆی پشتیوانی کردنی لە بزووتنەوەی “ژینا” لەڕێگای پۆشینی تیشرتێک کە لە سەری دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” نووسرابوو، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران ڕفێندرا.

ئەم لاوە ڕفێندراوە، لەکاتی بەڕێوەچوونی پێشبڕکێی تۆپی پێی “کاسی فەجر” و دوای تۆمارکردنی گۆڵ، ئەم دروشمەی لە ژێر جلی تایبەتی تیمەکەیەوە پۆشیبوو و پیشانی هاندەرانی یانەکەی دابوو.

جێی باسە، هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخی تەندروستی و شوێنی ڕاگیرانی عینایەت تاجیدینی لە دوای ڕفاندنی لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە لەبەردەستدا نییە.

ڕەنگە بە دڵت بن