ناوەندی نووسەرانی کوردستان کەڕنەڤاڵێکی زەنجیرە ڤیدیۆیی سەرهێڵی بۆ منداڵانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕێکخست و، منداڵانی کوردستان بە پەیام و پیرۆزباییەکانیان ڕۆژی جهانیی زمانی دایکیان بەرز ڕاگرت، بەڕێوەبەری لیژنەی منداڵان و ئەندامی دەستەی کارگێڕی ناوەندی نووسەرانی کوردستان، دەڵێ، لە ماوەی هەفتەیەکدا کە بانگەوازەکەمان بڵاوکردەوە، بەخۆشییەوە منداڵە چاوگەشەکانی کوردستان و، دایک و باوکانی بەڕێز، زۆر بەباشی بەپیری داواکارییەکەمانەوە هاتن.
ناوەندی نووسەرانی کوردستان، بەبۆنەی ٢ی ڕەشەمە (٢١ی فێبریە)، ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک، کەڕنەڤاڵێکی زەنجیرە ڤیدیۆیی سەرهێڵی بۆ منداڵانی ڕۆژهەڵاتی کورستان ڕیکخست و، ڕۆژی دووشەممە، ٢٤ی ڕێبەندان (١٣ی فێبریە) لە بانگەوازێکدا ڕوو بە منداڵان و دایک و باوکانی کوردستان ڕایگەیاند: بەم بۆنەوە داواکارین منداڵە خنجیلانەکانی کوردستان بۆ ڕێزگرتن لەم ڕۆژە و بەرزڕاگرتنی زمانی دایکی خۆیان، پیرۆزباییی ٢ی ڕەشەمە لە ڤیدیۆیەکی کورت و کەمتر لە ١ خولەکدا بۆ کاناڵی تێلێگرامی ناوەندی نووسەرانی کوردستان تایبەت بە منداڵان بنێرن.
پاش ئەم بانگەوازە دایک و باوکانی کوردستان لە ناوخۆی ڕۆژهەڵات و تاراوگە بەپیریی بانگەوازەکەوە هاتن و منداڵەکانی سەرانسەری ڕۆژهەڵات بە گشت شێوەزار و لکەزارەکانی کەڵهوڕی، لەکی، هەورامی، جافی، سۆرانی و …، بە ڤیدیۆی پەیام و پیرۆزباییەکانی خۆیان لەو کەڕنەڤاڵەدا بەشدارییان کرد.
سوێسنە ئیسماعیلنژاد، بەڕێوەبەری لیژنەی منداڵان و ئەندامی دەستەی کارگێڕی ناوەندی نووسەرانی کوردستان، بە ماڵپەڕی “ڕەوەند”ی ڕاگەیاند: “لە ماوەی هەفتەیەکدا کە بانگەوازەکەمان بڵاوکردەوە، بەخۆشییەوە منداڵە چاوگەشەکانی کوردستان و، دایک و باوکانی بەڕێز، زۆر بەباشی بەپیری داواکارییەکەمانەوە هاتن و، لەو ماوە کەمەدا، زیاتر لە سەد ڤیدیۆی منداڵانی ڕۆژهەڵاتمان بۆ نێردراوە، ئەمەش نیشانەی وریایی و ڕێز و خۆشەویستی منداڵانی کوردە بۆ زمانی دایکی خۆیان”.
ئیسماعیلنژاد لەسەر ئامانجی ئەم کەڕنەڤاڵە وتی: “ئامانجی ئێمە هەر ئەوە بوو، کە منداڵانی کوردستان کردیان، واتە ڕێزگرتن لە زمانی دایکی خۆیان و گەشەی زمانی نەتەوەییمان لە هزری ئەو منداڵانەدا، بەخۆشییەوە لەم کەڕنەڤاڵەدا بۆمان دەرکەوت کە منداڵانی کوردستان، لەژێر تیشکی هەوڵەکانی دایک و باوکانیاندا چاوکراوەن”.
ناوەندی نووسەرانی کوردستان ئێوارەی ٢ی ڕەشەمە، ڕاگەیەندراوی کۆتایی کەڕنەڤاڵەکە و، هاوکات ڤیدیۆیەکی ڕاپۆرتی بەشداریی منداڵانی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند” “زمان شوناسی نەتەوەیە و پاراستنی زمانیش ئەرکی سەرشانی هەموو تاکەکانی نەتەوەیە، فێرکردنی منداڵەکانمان بە زمانی دایکیان هەنگاوێکی گرینگە، هەم بۆ پاراستنی زمانی دایک، هەم بۆ گەشەی بیری نیشتمانی لە هزری منداڵان و، هەمیش بۆ گەشەکردنی بیری فێربوونی منداڵەکانمان، هیوادارین هەموومان ئەوە بە ئەرکی خۆمان بزانین و، لەوبارەوە کەمتەرخەم نەبین و، لانی کەم ڕۆژانە یەک وشەی زمانی شیرینی خۆمان فێری منداڵانمان بکەین”.