کامپێک ژیانی بۆ کۆچبەران تێدانییە

کۆچبەران لە کامپی لۆن پلاگی دانکیخ، بەدەست بارودۆخێکی زۆر سەختی ژیان و توندوتیژی و بەکارهێنانی چەکەوە دەناڵێنن، لەو چوارچێوەیەشدا کۆچبەرێکی عێراقی بە فیشەک کوژرا، ئەو کامپە هیچ ژیانێکی بۆ کۆچبەران تێدا نییە.

چالاکوانان و کۆچبەران، بۆ ڕێزگرتن لە یادی کۆچبەرێک، کە لە ڕۆژی 14ی شوبات، لە کامپی لۆن پلاگ تەقەی لێکرا و کوژرا، وەک رێزێک بۆ گیانی ئەو کۆچبەرە، چەند خولەکێک لەو کامە راوەستان.

نووسینگەی داواکاری گشتی دانکیخ، لێکۆڵینەوەیەکی لەسەر ئەو تاوانە کردەوە، کە تا ئێستا ئەنجامدەرەکەی نەناسراوە، سباستیان داواکاری گشتی دانکیخ بە ئەی ئێف پی ڕاگەیاند، لێکۆڵینەوەکانیان بەردەوامە.

بەگوێرەی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، کۆچبەرە عێراقییەکە لەساڵی 1989 لەدایکبووە.

ئامیلی مۆیارت، ڕێکخەری یۆتۆپیا 56 لە هەرێمەکە، بە کۆچبەرنیوزی وت: “گرژیی لە ئارادایە، کۆچبەرەکان لە هەلومەرجێکی سەختدا دەژین، چەک لە کامپەکەدا دەسوڕێتەوە”.

وتیشی: “توندوتیژی لەو کەمپەدا هەمیشەییە، چونکە دوورە لە هەموو شتێک”.

بەگوێرەی وتەی پارێزگای باکوور، نزیکەی 20 کۆچبەر لەکامپەکەدا ڕووبەڕووی ماددە ژەهراوییەکان بوونەوە و، چاودێری تەندروستیان بۆ کراوە.

لە نێوان 100 بۆ 150 کۆچبەر لەو کامپەدا بارودۆخێکی سەخت دەگوزەرێنن، بەبێ ئەوەی تەنانەت ئاویان دەست بکەوێت، نەتەوەکانی کۆچبەران هەمەجۆرن، وەک عێراقی، ئەفغانی، پاکستانی، سودانی، میسری، هیندی هەروەها ژمارەیەک خێزانیشیان تێدایە.

ڕەنگە بە دڵت بن