خۆپیشاندانی کوردستانییانی تاراوگە بەردەوامە

کوردستانییانی تاراوگە، جارێکی دیکە بە بەڕێوەبردنی خۆپیشاندان و کۆبوونەوە، پشتیوانی خۆیان بۆ خەڵکی ڕاپەڕیوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەربڕی و، داوای پشتیوانی جیهانییان بۆ کوردستان کرد.

ڕۆژی شەممە ٦ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢ی کوردی، جارێکی دیکە لەلایەن كوردستانییانی تاراوگە و، هاوکات لەگەڵ نەتەوەكانی دیكەی ناو ئێران و نیشتەجێ لە وڵاتی کەنەدا، خۆپیشاندانێکیان بۆ پشتیوانیکردن لە شۆڕشی ژینا بەڕێوەبرد، کە لەو خۆپیشاندانەدا چەندین پەیامێک خوێندرایەوە.

هەروەها کۆمەڵێک کەسی خەڵکی ڕووسیا بۆ مەحكومكردنی ڕووسیا و ئێران، کە سیاسەتی شەڕەنگێزانە لە ناوچەکەدا بەڕێوەدەبەن و، لە داگیركردنی ئۆكرانیا هاوکاری یەکترن، بە بەشدارییان لەو خۆپیشاندانەدا، پێشتیوانی خۆیان لە ڕاپەرینی ژینا و ڕۆژهەڵاتی کوردستان نیشان دا.

هاوکات لە بەریتانیا، ڕەوەندی کوردستانی بەمەبەستی پشتیوانی زیاتر لە بزووتنەوەی “ژن ژیان ئازادی”، لە شاری لەندەن خۆپیشاندانێکی بەرینیان بەڕێوەبرد.

خۆپیشاندانەکە سەرەتا لەبەر دەرکی دەزگای ڕاگەیاندنی ”بی‌بی‌سی” دەستی پێکرد و، خۆپیشاندەران بە دروشمدان بەرەو ناوەندی شاری لەندەن وەڕێ کەوتن، لەو خۆپیشاندانەدا زۆرێک لە ئۆکرانییەکانی دانیشتووی شاری لەندەن، بەمەبەستی پشتیوانی لە خەڵکی ئێران بەشداری ئەم خۆپیشاندانە بوون.

هەروەها لە چەندین وڵاتی وەک ”گورجستان، ئیسپانیا، نیوزلەند، سوید، فینلاند و ئاڵمان” خۆپیشاندان لە دژی کۆماری ئیسلامی بەڕێوەچوو.

IMG_20230226_125927_992.jpg

ڕەنگە بە دڵت بن