دوو برای خەڵکی سەردەشت، دوای تێپەڕاندنی ماوە سزای ٢٤ مانگ بەندکران، لە گرتووخانەی ناوەندی مەهاباد ئازادکران.
بەگوێرەی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، دوو برای خەڵکی سەردەشت بە ناوەکانی هادی ئیسماعیل نەژاد و پێشەوا ئیسماعیل نەژاد، کە پێشتر سزای ٢ ساڵ بەندکرانیان لەلایەن دەزگای دادوەری رژێمی ئیسلامی ئێرانەوە بەسەردا سەپێندرابوو، دوای تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەیان، لە گرتووخانەی ناوەندی مەهاباد ئازادکران.
ئەم دوو برایە بە تۆمەتی “کۆکردنەوە و پۆلێنبەندی زانیاری و خستنە بەردەستی کەسانی دیکە بە مەبەستی تێکدانی ئەمنییەتی وڵات” و “هاوکاری لەگەڵ دوژمن” هەر کامیان سزای ٣ ساڵ بەندکرانیان لەلایەن دادگای گشتی و شۆڕشی شاری سەردەشتەوە بەسەردا سەپێندرابوو، ئەم سزایە دواتر لە لقی ١٣ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ئورمیە بۆ ٢ ساڵ بەندکران کەمکرایەوە.
شیاوی ئاماژەپێدانە، ئەم هاوڵاتییانە، دوای دەستبەسەرکرانیان بۆ یەکێ لە دەستبەسەرگەکانی ئورمیە گوازرابوونەوە و، لەم ناوەندەدا، لە ژێر توندترین ئەشکەنجە و لێپرسینەوەدا بوون.