زیاتر لە 20 کۆچبەری سوری کە لە لیبیا دەستبەسەرکراون، دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کردووە، ئەوەش وەک داواکارییەک بۆ ئازادکردنیان، کە نزیکەی پێنج مانگە لەو وڵاتەدا دەستبەسەرکراون.
بەگوێرەی راپۆرتەکان، لە مانگی تشرینی یەکەمی 2022ەوە گرووپێک لە سورییەکان لە زیندانێکی شاری زاویەی ڕۆژئاوای لیبیا دەستبەسەرکراون و، دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کردووە، ئەو گروپە لە 22 کەس پێکدێن، کە 3 کەسی کەمئەندامیان تێدایە.
بە وتەی ئەو چالاکوانانەی کە لە سەرەتای ساڵی 2023ەوە دوو جار سەردانی زیندانەکەیان کردووە، ئەو کۆچبەرانەی دەستگیرکراون بە دەست نەخۆشی و نەخۆشییەکانی دیکەی پێست دەناڵێنن، ئەسۆشیەتدپرێسیش بە وتەی دامەزرێنەری گرووپی مافی مرۆڤی لیبیایی “بلادی”، تاریق لملوم، دووپاتی کردەوە، کە ئەو کۆچبەرانە لە بارودۆخێکی زۆر خراپدان.
بەگوێرەی بەڵگەنامەیەکی فەرمی کە ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێسەوە دەستکەوتووە، سورییەکان گوازراونەتەوە بۆ شارۆچکەی ئەجیلەت ،کە نزیکەی 80 کیلۆمەتر لە تەرابلوسەوە دوورە و لەوێ زیندانیکراون.
سەرەڕای خراپی بارودۆخی کۆچبەران لە لیبیا، هەموو ساڵێک هەزاران کۆچبەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی ئەفریقی دەگەنە لیبیا، ئەمەش خاڵێکی سەرەکی ڕۆیشتنە بۆ ئەو کەسانەی هەوڵ دەدەن لە دەریای ناوەڕاستەوە بپەڕنەوە بۆ ئەوروپا، لە نێوان 12 و 18ی شوباتی 2023دا، بەپێی نووسینگەی ڕێکخراوی کۆچبەرانی نێودەوڵەتی (IOM) نزیکەی 885 کۆچبەر هەوڵیاندا لیبیا بەرەو ئەوروپا لە ڕێگەی دەریاوە بەجێبهێڵن، بەڵام گەڕێندراونەتەوە لیبیا و، زۆرینەیان تووشی ئەشکەنجە و توندوتیژی بوونەتەوە.