دادگای شاری لینزی نەمسا، بەهۆی بەشداریکردنی پەنابەرێکی سوری لە ئاژاوەی سەری ساڵدا، سزای شەش مانگ زیندانی بەسەردا سەپاند.
داواکاری گشتی، ئەو پەنابەرە 22 ساڵەی تۆمەتبارکرد بە بەشداریکردن لە کردەوەی تێکدان و توندوتیژی بۆ سەر موڵکی گشتی، هەروەها هێرشکردنە سەر ئەفسەرانی پۆلیس بە ئاگر و، هاندانی گەنجانی دیکە تا بە بەرد هێرش بکەنە سەر پۆلیس.
پەنابەرەکە لە سەرەتادا هەموو تۆمەتەکانی ڕەتکردەوە، بەڵام دواتر دانی بە تاوانەکانیدا نا.
ئەو پەنابەرە لە دوای ڕووداوەکەوە (واتە دوو مانگ لەمەوبەر) زیندانی کراوە، هەروەک دادگا پێی وایە ماوەی مانەوەی زیندانیکردن (4 مانگ) دیکە دەبێت لە گرتووخانەدا بمێنێتەوە.
ئەو پەنابەرە تاوانبارە، هێشتا چاوەڕێی وەڵامی مافی مانەوەی لە نەمسا دەکات و مافی پەنابەرێتیشی وەرنەگرتووە.
جێگای ئاماژەیە، شاری لینزی باکووری نەمسا، لە شەوی سەری ساڵدا، توندوتیژییەکی بەربڵاوی بەخۆوە بینی، دەرکەوت کە زۆربەی بەشداربووانی ئاژاوەکە، کۆچبەرانی گەنجی عێراقی و ئەفغانی و سوری بوون، هاوکات چەند گەنجێکی نەمساییش بەشدارییان تێدا کردبوو.