نووسینی ئاگرین کوردستانی
بیری ئەم نووسینە لە سەر ئەو چەند خاڵەی خوارەوە نووسراوە
١- کورد سەد ساڵی خەبات بۆ دەوڵەت-میللەت یان دەوڵەت نەتەوەی خۆی کردوە.
٢- ئەوە بەڵێنیی زانستە کە نەتەوەی بێ دەوڵەت تا مسۆگەر کردنی دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی ناوەستێت.
٣- ئەوە ئەزموونی مێژوە کە دەوڵەتی نەتەوەیی تەنانەت خراپەکەشی، لە ژێر دەستەیی خامنەیی، ئۆردەغان، ئەسەد و نووری مالیکی باشترە.
٤- کورد دوو جار دەوڵەتی دروستکردووە ، هەر دوو جارەکە بە دەیان قات لە دەوڵەتی دراوسێکانمان باشتر بووە .
٥- هەرێمی کوردستانی ئەمڕۆ سەرەڕای گشت خراپی و کەم و کووڕیەکانی، لە لایەکەوە ئەگەر وەک هەندێک ڕووناکبیری چەپگەرای بێ نیشتمانی ئورووپا نشین، چاوەڕوانیی حکوومەتی سوئێد و ئنگلستانت لێی نەکرێت ، بە پێوەرەی خۆر هەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی سێهەمی حکوومەتێکی پێشکەوتووخواز و سەرکەوتوو بووە و لە لایەکییترەوە دەستکەوتێکی مەزن و هەنگاوێکی گەورە بەرە و سەربەستی و باشترین بەردەبازی ڕزگاری و سەربەخۆیی داهاتووی چل پەنجا ملیۆن کوردە و ، نابێت، نابێت لە ناو بچێت.
٦- پەکەکە بە پڕوپاگەندەی بێوچان، حکوومەتی هەرێمی کردووە بە دوژمنی سەرەکیی کورد و بە هەمان شێوە کە کەماڵ، قلیچدار ئۆغڵو، سەرۆکی کۆنترین حیزبی تورک، کۆنترین حیزبی چەپی میانەڕەو، سەرۆکی ئەمڕۆی حیزبە سۆسیال دیموکراتە ، لایکەکەی ئەتا تورک، ئەندامی ئەنترناسیۆنالیستی گەردوونی، ئەندامی ڕێکخراوی حیزبە سۆسیالیستەکانی ئورووپا گوایە خۆی بە ڕەچەڵەک کورد، بە بیستنی ناوی کوردستان دەڕشێتەوە، پەکەکەش لایەنگرەکان و گریلاکانی وا ڕاهێناوە کە بە بیستنی ناوی هەولێر، بڕشێنەوە، پرسیار ئەوەیە بۆ تاران و دیمەشق و ئەنکارا و بەغدا نا؟ ئەوان خاکیان داگیر کردوە و کورد دەکووژن نەک هەولێر
بە پرسیارێک لە پەکەکە: ئەگەر لە باکوور ڕیفراندۆمێک بۆ حکوومەتێکی فیدرالیی لە چەشنی هەولێر بکرێت، بێ شک لە سەرووی نەوەد لە سەدی باکووریەکان دەنگی پێدەدەن و حکوومەتێکی فیدڕاڵی لە دیاربەکر یان شارێکیتر پێک دینن ، هەڵوێستی ئێوە چی دەبێت؟ بە پێی بیرۆکەی برایەتیی گەلان، پێویستە قەندیل دژی بوەستێت، لەبەرئەوەی کوردی باکوور دەبن بە دەوڵەت و مەرجی برایەتیی گەلان نەمانی دەوڵەتە و گرینگیش نیە دەوڵەتی کوردی، تورکی، فارسی یان عەرەبی. بە شێوەیەک جیابوونەوەی کورد لە تورکە کە برایەتی گەلان دژیەتی.
ئەوەش بڵێم کە دابڕانێکی دیار کەوتۆتە نێوان پەکەکەی ئەنارشیست و بزووتنەوەی نەتەوەیی باکوور، بەڵگە وایدانێن کە ئێستا لە ڕیفراندۆمێکدا لە خەڵکی باکوور بپرسن کە ئایا دەخوازن حوکوومەتێکی فیدڕالیی لە چەشنی باشوورتان هەبێت، شکتان نەبێت کە زیاتر لە نەوەد لە سەدی خەڵک بە خۆشحاڵیەوە بە دەنگی بەڵێ پێشوازی لێدەکەن و پەکەکەش بە هاوکاریی چوار دوژمنەکە شەڕی هەرێمی پارچەیەکیتر ئەکات .
بزووتنەوەی کورد لە باکوور ڕۆژ دوای ڕۆژ ڕەنگی نەتەوەیی و ناسنامەخوازانەکەی پڕ رەنگتر دەبێت. خەڵک زانیویانە برایەتی گەلان چاری دەردی کورد نیە و فێڵ یان بە لایەنی کەمەوە هەڵەیەکی کوشەندەیە و هەزار ساڵیتریش ئەو برایەتیە ئەفسانەییە سەرناگرێت. ژن و پیاوی باکووری دەبیستن سەرکردەی حیزبەکەی ئەتاتورک، قەدیمیترین حیزبی سیاسیی تورک، حیزبی دوهەمی تورکی دوای حیزبی ئۆردەغان،حیزبێکی سۆسیال دێمۆکڕات، ئەندامی ئینترناشناڵی سۆسیالیستی، ئەندامی ڕێکخراوی حیزبە سۆسیالیستەکانی ئورووپا، ئەندامی هاوپەیمانانی پێشکەوتنخواز« دێ پڕۆگرێسیو ئەلایەنس»، حیزبێکی میانەڕەوی لایکی چەپگەرا، لایەنگری بوونە ئەندامی تورکییە یە لە یەکێتی ئورووپا، لایەنگری ئازادیی هۆمۆسیکشوالیتی و تەنتە و هاوجینس گەرا، دەڵێت: بیستنی ناوی کوردستان دەمڕشێنێتەوە.
عوسمان بایدەمیر شار بە شار دەخوڵێتەوە و بە گەنجەکان دەڵێت: دوژمنی باب و باپیرانمان نابن بە دۆستی ئێمە، گوێ بدەنە دەنگی مێژوو گوێ بدەنە دەنگی ئەحمەدی خانی، سەید ڕەزای دەرسیم و شێخ سەعیدی پیران و قازی محەممەد،
ئامانجی بزووتنەوەی هەر نەتەوەیەک، سەربەخۆییە.
بە بەڵگەوە، بەڵێنیی مێژوو و زانستی کۆمەڵ ناسیی و مرۆڤ ناسیی و دەروونناسییە کە کورد وەک هەر نەتەوەیەکی سەر ئەم زەوییە. ناسیۆنالیست و جیایی خواز و نیشتمان و دەوڵەت و کیانی کوردی خوازە، بەڵگە:؟کیبێکیی کانادا « لە ١٨٦٧ فێدڕاڵە» بەشێکە لە یەکێک لە ئازادترین و لیبڕاڵترین و دەوڵەمەندترین وڵاتانی جیهان و دەخوازن جیا ببنەوە. ئیسکاتلەندی کە لە باری ئابووری و سیاسییەوە هیچ کەم و کووڕییەکیان نییە و لە ساڵی ١٦٠٣ وە هاوپەیمان و لە ساڵی «١٧٠٧» وە لە گەڵ ئینگلستان یەک دەوڵەت بوون، ئێستا لەوپەڕی تێر و تەسەلی و ئازادیدا، دەخوازن جیا ببنەوە، بە هەمان شێوە و ویڵزی لە ساڵی ١٧٠٧ وە و ئیرلەندی«١٨٠١»، وە لە گەڵ ئینگلستان و کاتالۆنیا لە ساڵی «١١٣٧» لەگەڵ ئیسپانیا برایەتیی تا سەر ئێسقان دێمۆکڕاتیکی گەلانیان ئەزموون کردوە و ئیمڕۆش دەخوازن جیا ببنەوە و زۆرێک گەلی تریش بە هەمان شێوە.
ناسیۆنالیزم هێزێکی سروشتی دەروونیی مرۆڤە و بە شێوەی جەبری کار دەکات، ناسیۆنالیزم پەلکێشمان دەکات بۆ گۆڕەپانی شەڕ و شاخ و بەندیخانە و ژێر پەتی سێدارە. بەڵگە: سەید ڕەزای درسیم، شێخ سەعیدی پیران، قازی محمد، مەلا مستەفای بارزانی، حەیدەری قوربانی و هەزاران شەهیدی سەربەرزیترمان، ناسیۆنالیزم نەتەوەی خۆتت پێ لە ژێر دەستەیی نەتەوەیەکی تر ڕزگار دەکات.
لە ڕوانگەیەکی زانستیانەوە، ئەو پرسیار لەخۆ نەکردنەی تاکی کورد دەگەڕێتەوە بۆ تایبەتمەندیی دیاردەی ناسیۆنالیزم؛ لە لایەکەوە
ناسیۆنالیزم غەریزەیە، هەستە، هەر لەو چەشنەی، کەس فێرت ناکات ماڵ و مێرد یان ژن و منداڵ و دایک و باوک و خزم و کەس و ماڵ و حاڵ و کەل و پەلی ناو ماڵی خۆتت خۆش بوێت و ئاگاداریان بکەیت، کەسیش فێرت ناکات هاوزمان و هاونیشتمان و خاک و زمان و فەرهەنگی خۆتت خۆش بوێت، ئەو خۆشەویستیە لە گەڵمان لە دایک دەبێت. لە ڕوانگەیەکی پەرەسەندن و دەروون ناسی داروینیەوە ئەو هەستی خۆشەویستییە بووە کە بە سڵامەت تا ئێرەی هێناوین. ئەو هەستە بوو کە دایکان و باوکانمان بە هەزاران لە گیان بردوویی و شەڕی قارەمانانە خاک و ناو و زمان و فەرهەنگمانیان لە بێگانە پاراست و دایانە دەستی ئێمە
بە وتە شیرنەکەی ئێرنێست ڕێنان (١٨٢٣-١٨٩٢) فەیلەسووف، زمانناس، و شەرقناس دەڵێت: نەتەوە ڕووحە، پرنسیپێکی مەعنەوییە . دوو دیاردەیە بەڵام لە ڕاستیدا یەک شتە، کە ئەم ڕووح و پرنسیپە مەعنەوییە درووست ئەکات، ئەم شتە پایەکی لە ڕابردوو دایە و پایەکی لە حاڵی حازردا. بۆ ڕابردووەکەی ، میراتی دەوڵەمەندی بەسەرهات و بیرەوەریەکانی نەتەوەکەی و بۆ ئێستاش ئاواتی ژیانی بە یەکەوە. هیوای گەورەی نەتەوە، گەشەدانی ئەو میراتەیە کە بە شێوەیەکی نەپساوە و نەبڕاوە لە کۆنەوە هاتووە و ئیمڕۆ بەو بڕاوە. نەتەوە لە چەشنی ژیانی تاک کە بەرهەمی ڕابردوویەکی پڕ لە تێکۆشان و فیداکاری و لە خۆبۆردوییە، بەرهەمی قارەمانەتی و هەوڵی جیلەکانی پێش خۆی و باب و باپیرانیەتی کە جێگەی پێزانین و سەربڵندییەتی تاکی نەتەوە بە عیشق و خۆشەویستییەوە ئەڕوانێتە فیداکاریەکانی پێشینیان و بە پێزانینەوە چاو لە ڕەنجەکانیان ئەکات. تاکی نەتەوە بە خۆشەویستییەوە هۆگری ئەو ماڵە دەبێت کە یەکێک پێش خۆی دروستی کردوە و ئێستا بۆ ئەو جێ هێشتووە ، لە چەشنی سرودی سپارتا ( سپارتا سەرباز و پارێزەرانی جمهووری یۆنانی باستان بوون): ئێمە ئەوەین کە ئێوە بوون، ئەبین بەوەی کە ئێوە هەن)، حەیدەر قوربانی بو بە پێشەوا، بە ساکاری و بێ ترس بۆ گەلەکەی مرد.
بە وتەی فەیلەسووفانی وەک ڕێنانی فەرانسەوی، دەیڤید میلێری ئیسکاتلەندی، چڕڵز تەیلر و ویڵ کیملیکای کانادایی و دەیان مێژووناس و زانای بوراری جیاواز، باوک و باپیرانمان بوون کە ئێمەیان کرد بە ئەوەی کە هەین. ڕابردووی پاڵەوانانەی ئەوان، شکۆ و بەرزی هیممەتیان، سەرمایەیەکی کۆمەڵایەتیە کە ئەبێت بە بنچینەی بیری نەتەوەیی. شکۆی ژیانی مێژوویی باب و باپیران و ئارەزوی ژینی بەیەکەوە، کردەوەی سەرفەرازانەی ڕابردوان و ئاواتی ژیانێکی پڕ لە تێکۆشانی داهاتوو مەرجی گەل بوونە.
ناوە زانستیەکەی ئەو هەستە «نیپۆتیزم» بە مانای خزم و قەوم و خێش دۆستیە.
لە لایەکیترەوە ناسیۆنالیزم بە زمانی زانستیانە؛« ئەمبیگیوس» یانی ناڕوون یان چەند ماناییە، دنیای ژن و پیاوە ، ناسیۆنالیست ڕەش و سپییە ، یانی خەڵک بە کورد و ناکورد دەبینن، ناسیۆنالیزم بە مانا سایکۆلۆژیەکەی سەدان هەزار ساڵ کۆنە، هینی دنیای ڕەش و سپیە، ئەوکات خەڵک بەش کرابوون بە سەر ( خۆیی و ناخۆییدا ) ، خۆیی ئەگەر بە زمانی ئەڕۆیی بڵێین کورد، هەر کورد بوو و کوردی ئایینی و نا ئایینی و کومۆنیست و ئانارشیست و فۆکۆییست نەبوو . ناخۆیی هێرشی دەکردە سەر خاک و ماڵ و گیان و نامووسی و ئەویش لە بەرامبەریان دەوەستا و بەرگری لە خاک و گیان و ماڵی خۆیی دەکرد، ناخۆیی بە شێوە و جل و بەرگ و زمان لە خۆیی جیا دەکراوە. سایکۆلۆژی ئێمە ئێستاش خۆیی کە کورد بێت بە ماڕکڕز بە مانای نیشانەکانی لە چەشنی زمان، جل و بەرگ، فەرهەنگ، جوغڕافیا و خاک و مێژوو و ڕەچەڵەک لە ناخۆیی کە ناکورد بێت جیا دەکاتەوە. ناسیۆنالیست بە سایکۆلۆژیە سروشتییەکەی هەر کوردێک کە لە بەرامبەر دوژمن دەوەستێت، بە خۆیی و کورد دەزانێت. لە چاوی ناسیۆنالیستدا ئەو کەس یان هێزە کە گشت نیشانەکانی کوردی وەک جل و بەرگ و زمانی پێوەیە و دژی دوژمنەکەشیەتی، بە خۆیی دەبینێت و بە ئەرکی خۆی دەزانێت یارمەتی بدات و تەنانەت لەگەڵی بکەوێت.
ئەگەر بەغداد و دیمەشق کێشەی ناوخۆیی سڕی کردوون، ئێران و تورکییە هەرکامەی بە شێوەی خۆی گەورەترین پیلانمان دژ دەگێڕن، ئێران بە پارە بە جاش کردنی کوردی خوێڕی و ناردنی قەحبەی فارسی پاسدار بۆ هەندێک پیاوی چاو چنۆکی کورد و کەڵک وەرگرتن لە دوبەرەکیی ناوخۆ، نێوەی خاکی ئەو هەرێمە کوردیەی بێ شەڕ لە چینگ دەرهێناین و لە ڕێگای حەشدی شەعبیەوە ناڕاستەوخۆ خستیە ژێر دەسەڵاتی خۆی و نەک تەنانەت ئەڕتەش و دەوڵەتی عێڕاق. لە لایەنی تورکییەش؛ «خولووسی ئاکار وەزیری بەرگری و بەرپرسی ئاسایش و ئەمنییەتی ناوخۆی تورکیە، فەرماندەی ئەڕتەشی ناتۆیی تورک، فەرماندەی ڕاستەوخۆی هێزە تورکیەکان لە شەڕی سوورییە، ژێنڕاڵی چوار ئەستێرەی تا سەر ئێسقان تورک پەرست میعمار و پشتیوانی هێرشی ئازەربایجان بۆ سەر ئەرمەنستان و داگیر کردنی قەرەباغ، میعماری هێرش کردنە سەر باشووری کوردستان و گواستنەوەی شەڕ لە گەڵ پەکەکە لە خاکی تورکیەوە بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان، بەرپرسی بەندیخانەکەی بەڕێز ئوجەلان و ناردنی نووسراوە و پەیامەکانی بە ڕێزیان بۆ قەندیل و دەوڵەتی خۆ سەری ڕۆژاوا، لە لایەکەوە مانگی ڕابردو یانی نوامبری ٢٠٢١ دەڵێت:
نەتەوەیەک بە ناوی کورد و خاکێک بە ناوی کوردستان بوونیان نیە، لە لایەکیترەوە بە بیانووی شەڕ لە گەڵ پەکەکە و بە پێی پەیمانێکی کۆنی ئەنکارا و بەغدا، کە تێیدا هەرێمی کوردستان شومالی عێراق و خاکی عێراقی عەرەبییە ، بە شێوەیەکی یاسایی ( هەم یاسای نێو خۆیی عێراق و تورکییە و هەم یاسای نێو دەوڵەتی) دەسەڵات و کەرامەتی کورد و هەرێمی کوردی دەخاتە ژێر چەکمەی تورک و، هەزاران سەرباز لە سەر خاکمان نیشتە جێ دەکات. بۆ ژێنڕاڵ خولووسی ئاکار کە نەتەوەیەک بە ناوی کورد و خاکێک بە ناوی کوردستان بوونی نەبێت، دەوڵەتی کوردی هەر نابێت هەبێت و ئەوەش کە هەیە دەبێت ئەوڕۆ دەسەڵات و کەرامەتی و سبەی خۆی و ناوی لە ناو بچێت.
ژێنڕاڵ لە دوور خستنەوەی هێزی چەکداری پەکەکە لە خاکی تورکییە بە خاکی باکوورەوە سەرکەوتوو بووە و پەکەکەش قبووڵی کردووە کە لە سەر خاکی هەرێم شەڕ لە گەڵ ژێنڕاڵ بکات، پرسیار ئەوەیە بۆ؟ پەکەکە ئەندام و لایەنگرەکانی وا ڕاهێناوە کە هەرێم بە گەورەترین دوژمنی خۆیان بزانن و ئەگەر شەڕێ بقەومێت بە هەزاران ئامادەی شەڕ لە گەڵ هەولێر بن، بۆ؟
پەکەکە حاکمییەتی کورد بە سەر هەرێمدا بە ڕەسمییەت ناناسێت وەک ژێنڕاڵ بە خاکی عێڕاقی عەڕەبیی دەزانێت، ئێران و تورکییە و عێراق و سوریە مەجبوورن سەرزارەکی ددانی پێدا بنێن بەڵام گرووپێکی گریلایی پابەندی یاسای وڵاتی خۆی یان وڵاتان نییە ، دەتوانێت بکرێت بە چۆماغ شەڕی پڕۆکسیی پێ بکرێت ئەگەر لەگەڵ ئیدئۆلۆژیەکەشی ناکۆک نەبێت ئەوان براوەن و ئێمە دەستە شکاو
عوسمان بایدەمیر شار بە شار دەخوڵێتەوە و بە گەنجەکانمان دەڵێت: دوژمنی باب و باپیرانی ئێمە نابن بە دۆستی ئێمە، گوێ بدەنە دەنگی مێژوو گوێ بدەنە دەنگی ئەحمەدی خانی، سەید ڕەزای دەرسیم و شێخ سەعیدی پیران و قازی محەممەد، پەکەکەش دژی ئامانجەکانی ئەو باوکانەیە.
ئامانجی بزووتنەوەی هەر نەتەوەیەک، جیا بوونەوە لەویترە.