ئەندامی پەرلەمانێکی بە رەگەز پەنابەر دەڵێ، ئیسلام ئایینێکی نامۆیە بە سوید، ئەوەش کاردانەوەی نووسەران و رۆژنامەنووسانی ئەو وڵاتەی بە دوای خۆیدا هێنا.
نیما غوڵام عەلی پوور پەرلەمانتاری پارتی ئێس دی سویدی، لە تویتەرەکەیدا دەڵێ، لە سوید ئازادی ئایینیمان هەیە، بەڵام ئیسلام ئایینێکی سویدی نییە، بەڵکو ئاینێکی بیانی و نامۆیە پێمان.
سەرنووسەری ڕۆژنامەی بەناوبانگی سویدی ئەفتۆنبلادت، ئاندش لیندبێری ڕایگەیاند، ئێس دی بە هیچ شێوەیەک مافی ئەوەی نییە چی سویدی و چی بێگانەیە پۆلێن بکات.
لە کاتێکدا ڕۆژنامەنووس و نووسەر هێنریک ئارنستاد لەسەر ئەو تویتەی پەرلەمانتارە، دەڵێ، “ئایا هێشتا گومانت هەیە کە ئێس دی پارتێکی ڕەگەزپەرستە”.
یەکێک لەوانە هانس بێرسترۆم نووسیویەتی: “بۆ من هەموو ئایینەکانی سوید نامۆن، بەڵام سەیرە ڕەچاوی ئاینێک بکەین، کە لانی کەم 50 ساڵە لە سوید بوونی هەیە و، نزیکەی لە سەدا 10ی دانیشتوان باوەڕیان پێیەتی، بۆ من سەرسوڕهێنەرە، ئایا جولەکەکان لە سویدیش بە نامۆ دەزانن”؟