هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ژنان و کچان بەردەوامە

بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بەردەوام هەڕەشە لە ژنان و کچانی کوردستان و ئێران دەکەن کە دەبێ پێبەندی حیجابی زۆرەملێ بن و هێزە سەرکوتکەرەکان لەو بارەیەوە لە هیچ شتێک دەستپارێزی ناکەن.

ڕۆژی هەینی، ٢٦ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢ی کوردی، بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هۆشدارییان بە ژنان و کچانی خۆپیشاندەر لە کوردستان و ئێراندا داوە و هەڕەشەیان لێ کردوون کە هێزە سەرکوتەرەکانی ئەو ڕێژیمە بە خراپترین شێوە ڕووبەڕووی خۆپیشاندەران دەبنەوە و لە هیچ شتێک دەستپارێزی ناکەن.

هاوکات دەیان کەس لە بەرپرسانی حەوزەکانی عیلمییەی تاران لە نامەیەکدا بۆ ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ئەو ڕێژیمە داوایان کردووە کە دەبێت لەو بارەیەوە یاسایەکی توندوتۆڵتر دابڕێژرێت.

شەش مانگ پاش دەستپێکردنی خۆپیشاندان و ڕاپەڕینی جەماوەریی سەرانسەریی گەلانی ئێران دژی ڕێژیمی ئیسلامی کە بە کوشتنی حکوومەتیی “ژینا ئەمینی”، کجە کوردێکی خەڵکی شاری سەقز لەلایەن گەشتی ئیرشادەوە دەستی پێ‌ کرد، هۆشداری و هەڕەشەکانی ڕێژیم دژی کچان و ژنانی کوردستان و ئێران کە کۆڵ نادەن و حیجابی زۆرەملێ قەبووڵ ناکەن، بەردەوامە.

دادوەریی ڕێژیم کۆمەڵێک شوێنی گەشتیاری و گشتیی بە ڕووی ژنان و کچاندا داخستووە و دەیەوێت زیاتر لە هەمیشە ژنان و کچان سنووردار بکاتەوە و بەربەستی زیاتریان بۆ دروست بکات.

ڕەنگە بە دڵت بن