مافی مانەوەی ئەم پەنابەرانە هەڵدەوەشێندرێتەوە

بۆردی تێهەڵچوونەوەی پەنابەرانی دانیمارکی، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، پەنابەرانی سووری دیپۆرتی پارێزگای لازقیە دەکەنەوە، بەوپێیەی ئەوێ ئارامە، ئەمەش نیگەرانی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR)ی لێکەوتەوە.

دانیمارک لەساڵی 2019دا دیمەشقی پایتەختی بە ئارام ناساندبوو و مافی مانەوەی چەند پەنابەرێکی سووری هەڵوەشاندەوە، ئەوەش مشتومڕی بەرفراوانی لەسەر ئاستی یەکێتی ئەوروپا و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ لێکەوتەوە.

پارێزگای لازقیە لەژێر دەستەڵاتی بەشار ئەسەد دایە.

بەگوێرەی خزمەتگوزاری کۆچبەران، لە ساڵی 2019ەوە دانیمارک مۆڵەتی نیشتەجێبوونی 150 سوری لە دیمەشق و دەوروبەری هەڵوەشاندۆتەوە.

لەساڵی 2021دا، یاسادانەرانی ئەوروپا ڕەخنەیان لە دانیمارک گرت، کە هەوڵی گەڕانەوەی پەنابەران دەدا بۆ دیمەشق، پاش ئەوەی دەستەڵاتدارانی دانیمارکی ڕایانگەیاند کە بارودۆخەکان لە پایتەخت ئارامن.

ماتیاس تیسافی وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی دانیمارکی دەڵێ: ئێمە بە پەنابەرانی سوریمان وتووە، کە مافی نیشتەجێبوونیان کاتییە و، ئەگەر پێویست بە پاراستن نەبێت ڕەنگە مافی مانەوەیان هەڵبوەشێنرێتەوە.

بەپێی ئامارێکی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ، دانیمارک و هەنگاریا تاکە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپان، کە مافی نیشتەجێبوونی پەنابەرە سوریەکانیان هەڵوەشاندۆتەوە.

لە دانیمارک ئەو پەنابەرانەی کە مافی نیشتەجێبوونیان بەتاڵ کراوەتەوە، دەگوازرێنەوە بۆ ناوەندەکانی گەڕانەوە کە زیاتر لە زیندان دەچێت.

ڕەنگە بە دڵت بن