وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا داوا لە وڵاتانی ئەوروپی دەکات، کە ئەو پەنابەرانەی لە دەریای ناوەڕاست رزگار دەکرێن، بە دادپەروەرانە دابەشی سەر وڵاتەکان بکرێن.
ئانالینا بیربوک وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، سکاڵای لەسەر ئەو جیاوازییە بەردەوامەی نێوان وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لەسەر سیاسەتی کۆچبەران هەیە و، بە ڕۆژنامەی وێڵتی ئەڵمانی گوتووە: “مردن لە دەریای ناوەڕاستدا برینی کراوەی ئەوروپایە، چونکە ئێمە سەرکەوتوو نەبووین لە گەیشتن بە سیاسەتێکی هاوبەش لە کۆچ و پەنابەریدا، هەرچەندە ئەستەمە، ئێمە دەبێت کار بۆ گەیشتن بە پێگەیەکی هاوبەش بکەین و، نابێت واز لەو وڵاتانە بهێنین کە لە سنووری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپان، چ لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کۆچبەرانەی لە خنکانی دەریا ڕزگارکراون، یا لەگەڵ ئەو کەسانەی کە گەیشتوونەتە سنوورە دەرەکییەکان بەڵام مافی پەنابەرێتییان نییە، دەبێت بگەڕێندرێنەوە وڵاتەکانی خۆیان.
وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا چەندین ساڵە گفتوگۆ لەسەر سیاسەتی کۆچ و پەنابەری دەکەن، لەم دواییانەدا وڵاتان بەشێوەیەکی سەرەکی جەختیان لەسەر باشترکردنی پاراستنی سنوورەکان و هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا کردووە، ڕێکخراوە مەدەنییەکان، هەروەها لە ئەڵمانیاوە، چەند ساڵێکە کەشتیان بۆ دەریای ناوەڕاست بڵاوکردۆتەوە بۆ رزگارکردن و وەرگرتنی کۆچبەران و پەنابەران.