ئامارێکی نوێ کە لەلایەن فەرمانگەی ئاماری سویدەوە بڵاوکراوەتەوە، دەریخستووە کە نزیکەی سێیەکی دانیشتوانی سوید، باکگراوندیان کۆچبەرن.
ئامارە نوێکان دەریانخستووە، کە ڕێژەی سویدییەکانی بنچینە کۆچبەر، کەمێک زیادی کردووە و گەیشتۆتە 27٪ ی دانیشتوانی ئەو وڵاتە، کە نزیکەی 2.8 ملیۆن کەس پێک دێنن.
باکگراوندی کۆچبەر واتە لە دەرەوەی سوید لە دایکبووە، یا دایک و باوکی لە دەرەوەی سوید لە دایکبوون، بەڵام ئەگەر کەسێک لە باکگراوندی کۆچبەر بێت، بەڵام لە سوید لەدایکبووبێت و دایک و باوکیشی لە سوید لە دایکبووبن، لە سەرژمێری دانیشتواندا بە “سویدی” دادەنرێت.
ئۆفیسەکە ڕایگەیاند، ساڵی 2022 ژمارەی دانیشتوانی ئەو وڵاتە نزیکەی 70 هەزار کەس زیادیکردووە بۆ ئەوەی بگاتە 10,5 ملیۆن کەس، هاوکات 92 هەزار و 200 کەس ڕەگەزنامەی سویدیان بەدەست هێناوە و، لە ساڵی 2021ەوە 2900 کەس زیادی کردووە.