لاوێکی کوردی دانیشتووی وڵاتی دانیمارک، لە پاڵەوانێتی جیهانی دیبەیتی قوتابخانەکان ناسراو بە WSDC لەسەر ئاستی ئامادەیی نوێنەرایەتی ئەو وڵاتە دەکات و، تا ئێستا ئاستێکی زۆر باشی بەدەستهێناوە.
دارین مەنسوربەگ، ئەو لاوە کوردەی دانیشتووی وڵاتی دانیمارکە، بۆ ئەمساڵ بەشداری پێشبڕکێی دیبەیتی نێودەوڵەتی دەکات و، چەندین سەرکەوتنی لەسەر ئاستی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکا و هیندستان بەدەستهێناوە، وا بڕیارە تیمەکەیان لە زانکۆی هارڤارد پێشوازیان لێ بکرێت.
جێی باسە، ئەو پاڵەوانێتییە بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٨٨ بەڕێوەچووە و، لەوکاتەوە گەشەی کردووە و بووەتە یەکێ لە گەورەترین و بەناوبانگترین دیبەیتکردنی پێشبڕکێی جیهانی، پاڵەوانێتییەکە لە زنجیرەیەک گفتوگۆ پێکدێت، کە هەر تیمێک بەشێوەیەکی گشتی شەش جار لە ماوەی پاڵەوانێتییەکەدا گفتوگۆ دەکەن، دیبەیتەکان بە زمانی ئینگلیزی و فۆرماتێکی دەستکاریکراوی پەرلەمانی بەریتانیا بەڕێوەدەچن، کە چوار تیمی دوو دیبەیتان هەیە و هەریەکەیان کێبڕکێ لەگەڵ یەکتر دەکەن، بابەتی دیبەیتەکان ١٥ خولەک پێش دەستپێکردنی خولەکە ڕادەگەیەنرێن و، کۆمەڵێ بابەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و زانستی و کولتووری بەرفراوان دەگرێتەوە.
س،ح