پەنابەرێکی سوری لەبەردەم دادگایەکی شاری ئیسنشتادی ڕۆژهەڵاتی نەمسا، بەتۆمەتی ئەشکەنجەدانی ئاژەڵان دادگایی کرا و سزادرا.
بەگوێرەی سەرچاوە ڕۆژنامەوانییەکانی نەمسا، داواکاری گشتی، ئەو پەنابەرە سوریەی تۆمەتبار کردووە بەبێ بەکارهێنانی ماددەی بێهۆشکەر هەستاوە بە سەربڕینی مەڕێک.
لە تۆمەتەکەدا هاتووە، ئەو پیاوەی کە ماوەی هەشت مانگە لەگەڵ ژنەکەی و پێنج منداڵەکەی لە شارۆچکەی لۆتسبێرگ دەژی، مەڕێکی کڕیوە و پاشان لەبەردەم دەروازەی ئەو بینایەی تێیدا دەژی سەربڕیوە، پاشان پاشماوەی لاشەی مەڕەکەی کۆکردۆتەوە و خستوویەتییە ناو جانتایەک و لە نزیک دایەنگایەکدا فڕێیداوە.
دوای ئەوەی ڕێبواران پاشماوەی مەڕەکانیان بە پۆلیس ڕاگەیاند، ئەو پیاوە سورییە دەستگیرکراوە و براوەتە دادگا.
لای خۆیەوە تۆمەتبارەکە دانی بە کردەوەکەیدا نا و پاساوی بۆ هێنایەوە بەوەی کە نازانێت سەربڕینی مەڕ بەم شێوەیە لە نەمسا قەدەغەیە.
دادوەرەکە بە تۆمەتبارەکەی وت،: “لەو کاتەوەی توانیوتە مەڕێک بکڕیت، دەتوانیت لە ڕێگەی یاساییەوە پرسیار بکەیت بۆ سەربڕینی، لەبەر ئەوە باوەڕم بە تۆ نییە، ئێوە لە وڵاتی ئێمە دەژین، بۆیە دەبێت یاساکانی ئێمە قبوڵ بکەن”.
تۆمەتبارەکە لە ڕێگەی وەرگێڕەکەوە وەڵامی دایەوە کە داوای لێبوردن دەکات بۆ ئەو کارەی کە کردوویەتی و، ئەو کارەی دووبارە ناکاتەوە، چونکە بڕیاری داوە ببێت بە گیاخۆر و واز لە خواردنی گۆشت بهێنێت.
بەڵام لە کۆتایی دادگاییەکەدا، دادوەر بڕیاری دا کە تاوانبارەکە ئازاد بکات و، بۆ ماوەی دوو ساڵ لەژێر چاودێریدا بێت.