نوسین و ئامادەکردنی هەڵۆ بەرزنجی
ژمارە ٤
خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی:پرۆژەی لە چاپدانەوەی بڵاوکراوەکانی ( پاسۆک)
گۆڤاری ئاڵای سووری کوردایەتی..بەرگی یەکەم// ژمارەکانی١ـ١٦ چاپی ٢٠٢٢
(((پێش ئەوەی ھەر شتێ بین، ئەبێ کورد بین)))
[[چەکی بێ بیروباوەڕ سێدارەی جەماوەرە]]
ئاڵای سووری کوردایەتی ژمارە {٤ }ی مایسی ١٩٨١ ف.بانەمەڕی ٢٥٩٣ ک
ئۆرگانی ناوەندی ھێزی پێشمەرگەی پاسۆک….
بەرگی گۆڤارەکە ھەمان لۆگۆی ژمارەکانی پێشووی خۆر بە چوار تیرۆژەوە و قەڵەمێک قەدی مەشخەڵێکی داگیرساوە و خەنجەرێک لە تەنیشتیدا، وەک سیمبۆلی بیر و ھێز..
لەم ژمارەدا ١١ بابەتی جۆراوجۆ بەرچاو دەکەوێت..
سەرەتا دیسان شیعرێکی پەشێو- ناوی شاعیری لەسەر نەنووسراوە- پێشوازی لە خوێنەرانی ئاڵا دەکات و شیعرەکەش بۆ ئەوکاتە و ھەتا ئەم چرکەساتە لە ئەدەبی کوردیدا گرنگترین و بەھێزترین بنەمای پێناسە و بەھای ئاڵا دەردەخات.. ئاڵا ھەر سیمبۆڵێک نییە بۆ پارچە پەرۆیەک یان قوماشێک، وەک ناحەزەکانی دەیانەوێ وێنای بکەن! ڕەھەندی گەورەی وا لە پشتەوە، ھەر لە سیفات و نیشانە جیاکەرەوەکانی میللەتان لەیەکتر تا دەگاتە سیمبۆلی شانازیی و سەروەریی لەسەر ئاستی دنیادا… بەشێکی گرنگی ناسنامەی بوونی ھەر گەلێکە، ھاوکات لێرەدا بۆ کورد مانای سەربەخۆیی و بەدەوڵەت بوونیش دەگەیەنێ و لەڕووی نێونەتەوەییشەوە ددان پێدانراوە…
[دۆستەکانم باش بزانن، دوژمنانم باش بزانن ، چەند باوەڕم بە زەردەشت و بە ئاویستا و بە خوا ھەیە، ھەزار ھەندەش، باوەڕم بە ھەڵکردنی ئاڵا ھەیە]…پەشێو بەم ھاوارە بەڕووی دۆست و دوژمنانی ئاڵای کورددا دێتە دەنگ!
لەگەڵ مانگی ئاداردا یەکێ لە بۆنە و جەژنە جیھانییەکانمان وەبیر دێتەوە.. ١ ی ئایار لە ساڵی ١٨٨٦ ەوە باسی تێکۆشان و ھەوڵی بەدەستھێنانی مافی کرێکاران لە کەمکردنەوەی کاتی کارکردن و کرێی کاری پێویست گەرمە بەتایبەت لەدوای یەکەم جەنگی جیھانییەوە.. بۆتە جەژنێکی فەرمی لە زۆربەی وڵاتانی جیھان بەیاسا ئەو رۆژە بپشووە و کاری تێدا ناکریت.. زەحمەتکێش و کرێکاران لە جیھان دا و ئەم توێژە ماندوو و بەشمەنەت و دووجار چەوساوەیەی کورد، سووتەمەنی سەرەکی ژیانی بندەستین .. بۆیە گۆڤاری ئاڵای سوور سەروتاری خۆی[ ئایار و ڕەنجدەرانی کورد] تەرخان دەکات بۆ ئەم بۆنە گرنگ و پیرۆزە… ئاخر دەبێت ژیان و گوزەران و چارەنووسی رەنجدەر و کرێکاری کورد لەسایەی نیشتمانێکی داگیرکراو و دابەشکراودا چ بێت؟.. لەم وێرانەماڵەدا کامە ماف و خۆشی و ئاسوودەییەکیان ھەبێت؟!…
[ زەحمەتکێشان و ڕەنجدەرانی ھەر کۆمەڵێک بەردی بناغەی کۆمەڵ و دینەمۆی بەرەو پێشەوە بەری مێژوون].. یەکەم دێڕی نووسینەکەیە..
ھەقیقەتی دۆزی کورد کە زەحمەتکێشان و کرێکاران بەشێکی بەرچاو و زیندووی پێک دێنن ئەوەیە کێشەکەی نەتەوەییە، نەک چینایەتی. گریمان کرێکارێکی کورد لە عێراق یان تورکیادا لە ڕووی چینایەتییەوە ئازاد بوو! ئەی خۆ پرسە نەتەوەییەکەی وەک بەشە سەرەکییەکەی خەباتی ھەر زیندوو دەمێنێتەوە!..
وتارەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە وەک پاسۆک لەگەڵ تەواوی مافی ئەم توێژە چەوساوەیەدایە و بەڵنییاییەوە لەسایەی [کوردستانێکی ئازاد و گەلێکی یەکسان]دا دەرفەتی فەراھەمکردنی ئەو مافانەی بۆی تێکۆشاون مسۆگەر دەکرێن.. بۆیە لە کۆتایی وتارەکەدا داوایان لێ دەکرێ [ پتر تینوتاوی شۆڕشەکەیان بڵێسە بسێنێ و ھەنگاوی چەسپاو بەرەو کوردستانێکی ئازاد و گەلێکی یەکسان] بنێن.. تا گەورەترین دینگەی چەوساندنەوە و ناڕەوایی و ئیمپریالیزم و گەراکانی لە جیھاندا پاکتاو کرێت]..شەکاوە بێت ئاڵای زەحمەتکێشانی کورد
ئەمەش چمێک ترە لە دروشمەکانی پاسۆک بۆ زەحمەتکێشانی کوردستان:
{{ + بۆ ئەوەی بتوانین یارمەتی چەوساوانی دنیا بدەین دەبێ جارێ چەوساندنەوە لە کوردستاندا نەھێڵین. + دوژمنی چەوساندنەوەین لە دنیادا و خۆشمان بۆ نەھێشتنی چەوساندنەوەی کورد تەرخان کردووە.+ ئێمەی کورد دۆستی ڕاستەقینەی چەوساوانی جیھانین}}.
[[ ڕازێکی کوردانە]] ی ئەم ژمارەیە لەژێر ناونیشانی[ چۆن خەمی دواڕۆژ ھەڵدەگیرێ؟]]’..
ئەو دەرفەتەی شەڕی ھەشت ساڵەی ئێران و عێراق ھێنایە بەردەم کورد،چانسێکی گەورە و زێڕینی خستە بەردەم بەتایبەت لە باشووردا و تەنانەت رۆژھەڵاتیش دا، دەرفەتەکە بقۆزنەوە.. ڕازەکەی ئەم جارە بە دوورودرێژی دروشمە سەقەتەکانی حیزبی کوردی لە یاسای پارێزگاکانەوە ھەتا فشە مافەکانی ئۆتۆنۆمی راستەقینە کە باڵاترین داوای ئەو رۆژگارەی حیزبە کوردییەکان بوو. بەتایبەت ڕووماڵێکی ئەزموونەکانی کورد لەگەڵ بەعسدا لە ساڵی ١٩٦٣، ١٩٦٨ و دوا ئەزموون ١١ی ئازاری ١٩٧٠.. لە تێکڕایاندا کورد دۆڕاو و دەستبەتاڵ دەرچووە.. ئەگەر کورد بەراستی و دروستی ھەر کام لەو مافانەی بەدەست بھێنایە، تەخت و تاراجی دەوڵەتە داگیرکەرەکە لەبەر یەک ھەڵدەوەشایەوە…
لەو دۆخەی دوای ھەرەسدا، لەنێو حیزبە کوردییەکاندا بەرنامە و پرۆژەیەکی ھاوبەشی کوردی نەبوو.. گەر ھەر لایەنێک بیشیویستبایە ڕێگاچارەیەک بۆ کۆتایی ھێنان بە دۆزی کورد ھەڵبژێرێ، حیزبە کوردییەکان توانای ئەوەیان نەبوو پێکڕا مەلەفی کوردی بخەنە بەردەستی… ھەر حیزبە بە ھەوا و ئارەزووی خۆی قسەی لە مافەکان دەکرد و سەربەخۆ دەجوڵانەوە..
پاسۆک لەگەڵ ئەوەدا ھەوڵی دەدا، بنمیچی دروشم و داواکانی کورد بەرز بکاتەوە بۆ داوای دیاریکردنی مافی چارەنووس ، ھاوکات دەیویست ئەم دۆزە بە داوا و سیاسەت و دروشمی ھیچ حیزبێکەوە گرێ نەدرێ..وەک دۆزی نەتەوەیەک مامەڵەی لەتەکدا بکرێ..
ڕازەکە ئەوەش دەدرکێنێ کەوا داگیرکەری ئیمڕۆ و ئەوەی سبەینێش ھیچی لە ھەگبەدا بۆ کوردد پێ نییە، ئیدی نابێت بە درۆ خۆمان فریو بدەین و بە دیار داری زڕەوە خەونی سەوز و سوور ببینین.. ئەم ھەقیقەتەش ئێستا ھەموو بە چاوی خۆمان بە زیندووی دەیبینین لە دۆخی ھەڵبژاردەکان یاخود گۆڕانی دەسەڵاتەکانی ھەر چوار پارچەکەی کوردستان دا و بەڵگەی تریش زۆرن ئەمڕاستییە بسەلمێنن.
ناوەڕۆکی وتارەکە داوا لە جەماوەری زەحمەتکێشی کورد دەکات[ ئێوە خوێنی چاکترین ڕۆڵەی خۆتان پێداوە- بە دۆزی کورد- خاوەنی شەھید و گوندی سووتاو و ژیانی دەوروبەری و پڕ مەینەتین.. خاوەنی ڕاستەقینەی ئەم مەسەلەیە ئەو ڕۆڵانەتانن کە ژیانیان بە مەرگ گۆڕیوەتەوە]..
کاتێکیش داوا لە پێشمەرگەی کوردی گیان لەسەر دەست دەکات ئەوەی ئێوەی پێشمەرگە دەیکەن و تۆماری دەکەن لە داستانی ئازایەتی و گیانبەختکردن ھیچی لە [ فەلەستین و ڤێتنام و لاوس] کەمتر نییە.. پاشان دەنووسێ:[ داوای حسابی تەواو ڕوون لە ھەموو لایەکمان بکەن و ئێوەش ڕێ مەدەن لە ناو زاراوەی ” ئیزم” اتیدا بتان تاسێنن]..
پەیام لەمە ڕاستگۆیانەتر و دڵسۆزانەتر لە ھیچ شوێنێکی تردا بەدیدا ناکرێ! بەتایبەت لە دنیای حیزب و حیزبایەتی دا، داوا لە جەماوەر بکەیت بێتە چاودێر بەسەرتەوە و لێپێچینەوەت لەتەکدا بکات!..
[شادەمارە سەرەتاکانمان].. لەژێر ناونیشانی [[ ڕێز و سوود لە ھەموو تاقیکردنەوەیەکی جیھانی و نێونیشتمان دەگرین و وەردەگرین بە مەرجێ لەگەڵ بەرژەوەندی و ویست و ئارەزووی دەروونی کورددا بگونجێ]]… دەرگا بەسەر کۆمەڵێ باسوخواستی گرنگی چارەنووسسازدا دەکاتەوە و دەمانخاتە بەردەم ئەرکێکی قورس کە یەخەی بە چارەنووس و شۆڕشی کورد گرتووە:
١- بۆ شەڕی داگیرکەرانی کوردستان بەتەنیا ئەزموون و تاقیکردنەوە و وزە و ھێزی کورد بەس نییە؟ ئەی کەواتە دەکرێ سوود لە چی و کێ وەرگیرێ و ھانا بۆ کوێ ببرێ؟؟…
٢- کامانەن ئەو ئەزموونانەی بەکەڵکی واقعی کۆمەڵایەتی و سیاسی کورد دێن و کورد کورد دەتوانێ سوودیان لێ وەگرێ ؟؟!!..
٢- ھیچ کەس و لایەک ھەیە دەستی یارمەتی بێ مەرج و بێ بەرانبەر درێژ بکات؟!..
لە شیکارێکی بابەتیی حەوت لاپەڕەییدا بە تانوپۆی ئەم باسەدا دێتە خوارێ و پانۆڕامایەکی مێژووی رووداوەکانی کورد بە چاک و خراپەوە دەخاتە بەرچاو و پێداگریی لەسەر ئەو تایبەتمەندییانە دەکات، کە دۆزی کورد لەوانی دیکە جیا دەکاتەوە.. بۆیە ئەگەر بمانەوێ تاقیکراوە سەرکەوتووەکانی جیھان بھێنین و کتومت لە کوردستاندا دووبارەیان بکەینەوە، مەرج نییە سەرکەوتوو بین، چونکە بمانەوێ و نەمانەوێ زەمینەیان جیاوازە و ھەر یەکەیان بە چەندین ھۆکاری جۆراوجۆری سەربەخۆوە گرێ دراون. بە دەربڕینێکی تر مەرج نییە قاڵبی ئەوان بۆ کورد دەست بدات!!..
لەوەش گرنگتر نموونەیەکی کەم ھەیە لە خەباتی رزگاریخوازی و شۆڕش لە جیھان دا ، بێ ھاوکاریی دەرەکی سەرکەوتنی بەدەستھێنا بێت..شۆرشی ئەمەریکا و شۆڕشی ئۆکتۆبەر و خەباتی ڤێتنام و زۆر شوێنی تری جیھان بەھاوکاریی دەرەک