نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێ، کە پشتگیری یەکێتی ئەوروپا بۆ دەستەڵاتدارانی لیبیا، مانای رەوایەتی دانە بەو پێشێلکارییەی لە دژی کۆچبەران هەیە.
نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر دژواری بارودۆخی کۆچبەران لە لیبیا ڕایگەیاند، کە پشتیوانی یەکێتی ئەوروپا بۆ دەستەڵاتدارانی لیبیا لەسەر وەستاندن و دەستبەسەرکردنی کۆچبەران، مانای ئەوەیە کە ئەوروپا پێشێلکاری بەرانبەر کۆچبەران ئەنجام دەدا.
یەکێتی ئەوروپا هاوکاری پاسەوانی کەنارەکانی لیبیا دەکات لەڕێگەی مەشقپێکردنیان و دابینکردنی یارمەتی و کەلوپەل و کەشتی بۆیان، هاوکارییەکە ئامانجی ڕزگارکردنی ژیانی کۆچبەران لە دەریای ناوەڕاستە، بەڵام ڕێکخراوە ناحکومییەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان بە بەردەوامی ئیدانەی دەکەن و ئاماژە بەوە دەکەن کە کۆچبەران خراپ مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و بەزۆر دەگەڕێندرێنەوە بۆ لیبیا.
جێی باسە، بە گوێرەی راپۆرتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، بەشێک لەو کۆچبەرانەی لە لیبیا دەستبەسەر دەکرێن، رووبەڕووی دەستدرێژی سێکسی و ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی دەبنەوە.