گەنجێکی کوردی پەیڕەوی ئایینی یارسان، لە شاری کرماشان هێزەکانی ئێران تەقەی لێ دەکەن و گیان لە دەستدەدا.
بەگوێرەی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، گەنجێکی کورد بە ناوی ئازاد ڕەزایی، تەمەن ٢۵ ساڵی پەیڕەوی ئایینی یارسان و دانیشتووی گەڕەکی دەرەدێژی شاری کرماشان، کاتژمێر ٢٣ی شەوی دووشەممە، ٧ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣ (٢٧ی مارسی ٢٠٢٣)، لە دەوروبەری گۆڕەپانی “نیایش”ی ئەو شارە، هێزەکانی ئێران ڕاستەوخۆ تەقەی لێ دەکەن و سەری دەپێکرێت و گیان لە دەستدەدا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لە بنەماڵەی ڕەزایی، هێزە چەکدارەکانی رژێمی ئێران لە پشتەوە هێرشیان کردووەتە سەر ئۆتۆمبێلەکەی (پژۆی جۆری ٤٠۵)ی ئازاد ڕەزایی و تەقەیان لەو لاوە کوردە کردووە.
ئازاد ڕەزایی، تەمەن ٢۵ ساڵ، لە هۆزی قەڵخانی و خەڵکی گوندی “بانیبید”ی سەر بە قەزای “گاوارە”ی شاری داڵاهۆ و دانیشتووی خودی شاری کرماشان بووە.