ژنێکی بەڕازیلی لە کاتێکدا هێشتا زیندوو بوو لە گۆڕێکدا نێژرا، بەڵام دەرفەتێک بووە هۆی دۆزینەوەی و مانەوەی لە ژیان.
ڕۆژنامەی دەیلی مەیڵی بەریتانی ڕایگەیاند، دەستەڵاتدارانی بەڕازیل، دوو پیاویان بە تۆمەتی ئەوەی ژنێکیان بە زیندوویی خستۆتە نێو گۆڕێکی گۆڕستانێکدا دەستگیرکردووە.
قوربانییەکە، دایکێکی تەمەن 36 ساڵی خاوەن چوار منداڵە، لەلایەن هێرشبەرەکانەوە لە ماڵەکەی خۆی بردراوە، و بە زیندوێتی خراوەتە نێو گۆڕێکی گۆڕستانی شارۆچکەی ڤیسکۆند دۆ ڕیۆ برانکۆی باشووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتی بەرازیل.
ئەو بۆ ماوەی 10 کاتژمێر لە گۆڕەکەدا بووە و، دواتر لەلایەن چەند کەسێکەوە پەڵەی خوێنیان لە نزیک گۆڕەکە بینیوە و، گوێیان لە ژنێک بووە لە نێو گۆڕێکدا گریاوە و داوای یارمەتی کردووە و ئەوان رزگاریان کردووە و پەیوەندییان بە پۆلیسەوە کردووە.
بەهۆی سەیروسەمەرە و جدییەتی تاوانەکەوە، پۆلیسی بەرازیل کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا و تیایدا ڕایانگەیاند، کە دوو تۆمەتباریان لەسەر ئەو کارە دەستگیرکردووە و، تەمەنیان لەنێوان 20 بۆ 22 ساڵیدان، پلانیان داڕشتووە دوای ئەنجامدانی تاوانەکە هەڵبێن بۆ شاری ڕیۆ دی جانیرۆ.
ژنەکە بە پۆلیسی ڕاگەیاندووە، کە دەستدرێژی کراوەتەسەر دوای ئەوەی ماددەی هۆشبەریان پێیداوە.
هەردوو تۆمەتبارەکە لە ڕابردوودا بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون و، بەدوای سێیەمدا دەگەڕێن.