سەدان کۆچبەر رزگار دەکرێن

تیمی پزیشکانی بێ سنوور (MSF) لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، 440 کۆچبەریان لە کەناراوەکانی ئەوروپا ڕزگارکردووە، لە کاتێکدا بارودۆخی خراپی دەریاوانی و ئەرکی ڕزگارکردنەکە زۆری ویستووە، ڕزگاربووان دەڵێن ئەوان چوار ڕۆژیان لە دەریادا بەسەر بردووە و هیچ خواردن و ئاوێکیان پێ نەماوە.

دەستەی کەشتی جیۆ بارێنتس، چەندین کاتژمێریان بۆ ڕزگارکردنی 440 کۆچبەر لەناو بەلەمێکی قەرەباڵغدا و لە کەناراوەکانی ئەوروپا و سەرەڕای سەختی کەشوهەوای دەریا و بارودۆخی سەختی دەریاوانی بەسەر برد.

کەشتییەکە بەرەو ناوچەی گەڕان و ڕزگارکردن لە ناوەندی دەریای ناوەڕاست ڕۆیشت بۆ ئەرکێک تایبەت بە ڕزگارکردنی ئەو کۆچبەرانەی، کە ژیانی خۆیان لەسەر بەلەمی مردن خستبووە مەترسییەوە، ئەوەش بەهۆی خراپی کەشوهەوا و شەپۆلە بەرزەکانی دەریا، بەلەمەکە سەدان گەنج، ژن و منداڵی تێدابوو.

تیمی خۆبەخشی Alarm Phone لە پەیوەندیدا بوون لەگەڵ بەلەمەکە، کە لە کەناراوەکانی ماڵتا دەڕۆیشت، پێیان گوتوون دەریاکە سەختە، و شەپۆلەکانیش بەرزن.

زیاتر لە 11 کاتژمێر دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە، ئەرکی ڕزگارکردن کۆتایی هات و 440 کەس، کە لەنێویاندا 8 ژن و 30 منداڵ هەبوون، بە سەلامەتی لەلایەن تیمەکەوە رزگارکران و برانە ماڵتا و لەوێ دابەزێندران.

ڕەنگە بە دڵت بن