لەم وڵاتە نەخۆشییەک لەنێو پەنابەراندا بڵاودەبێتەوە

بڵاوبوونەوەی جۆرە نەخۆشییەک لەنێو کۆچبەراندا، کە لە کەشتییەکی گەشتیاری هۆڵەندا ژیان بەسەر دەبەن ڕاگەیەندرا، هەوکردنەکە پشتڕاستکراوەتەوە کە بەهۆی دزەکردنی ئاوی پیسەوە بووە، لە کاتێکدا ئاوی پیس چووەتە نێو سەرچاوەی ئاوی خواردنیانەوە.

بۆ یەکەمجار تووشبوون بە نەخۆشی تیفۆید لەسەر کەشتی Liberty Ann کە کۆچبەرانی تێدا دەژین، ڕاگەیەندرا، حاڵەتی تا و ئازاری گەدە لەنێو ئەو پەنابەرانەی کە لە کەشتییەکەدا بوون لە شاری هارلێمی هۆڵەندا بڵاوبۆتەوە.

دواتر دەستەڵاتدارانی تەندروستی تاقیکردنەوەی پێویستیان ئەنجامدا و بۆیان دەرکەوت، کە تووشبوون بە تای تیفۆید، ئەو نەخۆشییەی کە بەهۆی بەکتریای سالمۆنێلا تایفییەوە دروست دەبێت، زۆرجار لە ڕێگەی خۆراک و ئاوی پیسبووەوە بڵاودەبێتەوە.

بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکە، 52 پەنابەر و 20 ئەندامی تیمەکەی سەر کەشتییەکە نەخۆش کەوتوون، هەموویان لە نەخۆشییەکە چاکبوونەتەوە، بەڵام نزیکەی یەک لەسەر سێی توشبووەکان ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون.

بەپێی ئامارەکان، لە هەر 100 کەسێک کەسێک بەهۆی ئەم نەخۆشییەوە گیانی لەدەست دەدات. هەرچەندە ڤاکسین دژی بەکتریای گوازراوە هەیە، بەڵام ئەستەمە بەشێوەیەکی کرداری لەناو ببرێت.

ڕەنگە بە دڵت بن