منداڵە پەنابەرێک دەبێتە یاریزانی هەڵبژاردەی وڵاتێکی ئەوروپی

لە مێژووی فیدراسیۆنی شەتڕەنجی ئەڵمانیا، پەنابەرێکی تەمەن 11 ساڵ بووە گەنجترین یاریزان، کە هەڵبژێردرابێت بۆ بەشداریکردن لە تیمی شەتڕەنجی وڵاتەکە.

حسێن بیسۆ پەنابەرێکی سورییە و نزیکەی شەش ساڵە لە ئەڵمانیا دەژی و، توانی دووەمین ڕیزبەندی جیهانی خوار تەمەنی 12 ساڵی بباتەوە و نوێنەرایەتی ئەڵمانیا بۆ جامی میترۆپا (جامی ئەوروپای ناوەندی) بکات، کە لە کۆتایی ئەم مانگەدا لە کرواتیا بەڕێوەدەچێت، بەمەش بووە منداڵترین یاریزانی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لە مێژووی فیدراسیۆنی شەتڕەنجی وڵاتەکە.

یاریزانە سورییەکە بۆ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا یاری دەکات، بەڵام هێشتا ڕەگەزنامەی ئەو وڵاتەی وەرنەگرتووە.

مستەفا بیسۆی باوکی، کە تەمەنی 43 ساڵە، دەڵێ، کوڕەکەی لە تەمەنی چوار ساڵیدا دەستی کردووە بە فێربوونی یاری شەتڕەنج.

بێرند ڤۆڵکەر ڕاهێنەری هەڵبژاردەی شەتڕەنجی لاوانی ئەڵمانیا وتی، بیسۆ یاریزانێکی بێوێنەیە، زۆر خێرایە لە تێگەیشتن لە شوێنەکانی شەتڕەنج.

بەڵام ڕاهێنەرەکانی یانەکە زوو بینییان کە حسێن زۆر پێش هاوڕێکانی کەوتووە، هەرچەندە هێشتا ئەڵمانی بە پێی پێویست فێر نەبووە تا لە مەشقەکان تێبگات.

حسێن دەستی کرد بە بەشداریکردن لە پاڵەوانێتییەکان، لە ساڵی 2020 پلەی یەکەمی لە پێشبڕکێی ئەڵمانیا بەدەست هێنا، پاشان لە ساڵی ڕابردوودا پلەی سێیەمی لە پاڵەوانێتی جیهانی U-12 بەدەستهێنا.

ڕەنگە بە دڵت بن