میدیاکانی بەریتانیا ڕایانگەیاند، کە وەزیری ناوخۆی بەریتانیا سوێلا برێفێرمان ناچارکراوە پلانەکانی بۆ گواستنەوەی سەدان پەنابەر بۆ بنکەیەکی سەربازی پێشوو ڕابگرێت.
ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە ئەنجومەنی پارێزگای وێست لیندسای، هەفتەی ڕابردوو ڕێوشوێنی یاسایی دژ بە وەزارەتی ناوخۆ گرتەبەر، ئەوەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی بڕیارەکەی بەکارهێنانی بنکەی پێشووی هێزی ئاسمانی شاهانەی سکامپتۆن وەک پەناگەیەک بۆ پەنابەران.
لە بەیاننامەیەکدا ئەنجومەنی پارێزگای وێست لیندسای ئاماژەی بە ژمارەیەک بەربەست کرد لەبەردەم بەکارهێنانی شوێنەکە بۆ دەستگیرکردنی پەنابەران، لەوانە پیسبوونی بەکارهێنانی پێشووی بنکەکە کە پێویستی بە چارەسەری تەواو هەیە، واتە شوێنەکە گونجاو نییە.
ئەنجومەنی هەرێمی بێنتری هەروەها ڕایگەیاند، کە ڕێوشوێنی یاسایی دەگرێتەبەر بۆ ڕێگریکردن لە وەزارەتی ناوخۆ لە بەکارهێنانی ویتەرسفێڵد، کە لە ماوەی جەنگی جیهانی دووەمدا بۆ هێزی ئاسمانی دروستکراوە.
وەزارەتی ناوخۆ ئەو دادوەرەی دڵنیا کردەوە کە بەرپرسیارە لە بیستنی کەیسەکە کە ئەو کەسانە ناگوازنەوە کە داوای پەنابەری دەکەن بۆ ویتەرسفێڵد.
جێی باسە، حکومەتی بەریتانیا پلانی هەیە ئەو پەنابەرانە لە بنکە سەربازییەکانی پێشوو نیشتەجێ بکات، ئەوەش بە ئامانجی کەمکردنەوەی تێچووی هێشتنەوەیان لە هۆتێلەکاندا، کە ساڵانە بە بڕی 2 ملیار و 300 ملیۆن پاوەندی تێدەچێت.