گەنجێکی کورد بە تۆمەتێکی سەیر سزای سێدارەی بەسەردا دەسەپێندرێت

ئیتلاعاتی سوپای پاسداران هەوڵ دەدا، کە لە ڕێگای دروستکردنی دۆسیەیەکی هەستیارەوە سزای سێدارە بەسەر گەنجێکی کوردی یارسانی خەڵکی شاری سەحنە، بسەپێندرێت.

بەگوێرەی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕەزا ڕەسایی تەمەن ٣٤ ساڵی خەڵکی سەحنە، بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەسەر (بەشداربوون لە هەوڵی کوشتنی بەرپرسێکی حکوومەتی) لە ژێر سەختترین ئەشکەنجەی ڕۆحی و جەستەییدا بووە.

ئەم گەنجە کوردە، کە ئێستا لە گرتووخانەی دیزڵ ئاوای کرماشان دەستبەسەرە، مەترسی سەپاندنی تۆمەتی موحارەبەی لەسەرە، ئەوەش بەهۆی کوشتنی بەرپرسێکی رژێمی ئێران بەناوی “نادر بایرامی”.

نادر بایرامی، سەرۆکی پێشووی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی شاری سەحنە بووە و، ڕۆژی شەممە ٢٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ ڕاستەوخۆ لە سەرکوتکردنی خەڵکی ناڕازی بەشداربووە، لە ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی سەید خەلیل عالی نژاد کوژراوە.

ئیتلاعاتی سوپای پاسداران هەواڵی سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر ڕەزا ڕەساییان، بە بنەماڵەی ناوبراو ڕاگەیاندووە.

ڕەزا ڕەسایی ڕۆژی هەینی ٣ی سەرماوەزی ٢٧٢٢، لە شاری کەرەج لەلایەن هێزەکانی رژێمی ئێرانەوە دەستبەسەرکرا.

ناوبراو دوای لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی سازمانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بۆ گرتووخانەی دیزڵ ئاوای کرماشان گوازراوەتەوە.

جێی باسە، وێڕای ئەشکەنجەدانی، لە ماوەی پێنج مانگ دەستبەسەرکرانیدا، لە هەموو مافە سەرەتاییەکانی وەک مافی دەست ڕاگەیشتن بە پارێزەر و ڕاوێژکاری یاسایی بێ بەریبووە.

ڕەنگە بە دڵت بن