نوێنەری کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە ئەمەریکا-کەنەدا و، ئەندام پەرلەمان و سەرۆکی کۆمیتەی پەرلەمانی دۆستایەتی کورد-کەنەدا، کۆبوونەوە، کە تێیدا پەرلەمانتارەکەی ئەو وڵاتە، بەڵێنی دا، کە هەمیشە دەنگێکی کاریگەر بێت لەسەر مافە رەواکانی کوردستان.
رەحیم رەشیدی، ناسراو بە مستەر کورد، لە درێژەی کار و چالاکییەکانیدا بۆ پێشخستنی دۆزی کوردستان، بە نوێنەرایەتی کۆنفدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی لە ئەمەریکا و کەنەدا، لەگەڵ تۆم کەمێچ، کە دۆستی دیاری کوردستان و ئەندامی پەرلەمانی کەنەدایە لە سەر لیستی حیزبی کۆنەپارێزان و سەرۆکی کۆمیتەی پەرلەمانی دۆستایەتی کورد-کەنەدایە کۆبووەیەوە و، باسی لەسەر پێکهاتە و پڕۆژەکانی کۆنفدراسیۆن کرد و، ئەوەشی خستەڕوو، کەنەدا یەکێکە لەو وڵاتانە، کە ڕەوەندێکی زۆری کوردستانی تێیدا نیشتەجێن، هەروەها بەهۆی سیستمی فیدراڵ و دیموکراسی وڵاتەکە و پشتیوانی کەنەدا لە دۆزی کوردستان و پێشمەرگە، بایەخی تێکۆشانی کۆنفدراسیۆن لە وڵاتی کەنەدا بەرچاوتر کردووە.
مستەر کورد ئاماژەی بە پشتیوانی و چالاکییە بەردەوامییەکانی ئەو پەرلەمانتارە و هاودیدەکانی کرد، کە بەردەوام لە پەرلەمانی وڵاتەکەیان باس و بابەتی پەیوەندیدار بە کوردستانەوە دەورژێنن و داکۆکیکارێکی دیاری پێشمەرگە و کوردستانن، بۆ ئەوەش بە ناوی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانییەوە سوپاسی کردن.
لەبەرانبەردا تۆم کەمێچ، سوپاسی نوێنەری کۆنفدراسیۆنی کرد و رایگەیاند، شانازی بە دۆستایەتی خەڵکی کوردستان دەکات و، هەموو کات هەوڵ دەدات لە کەنەدا دەنگێکی دیار و کاریگەری پشتیوانی خواست و مافە رەواکانی خەڵکی کوردستان بێت.
هاوکات بە بایەخەوە باسی لە هەوڵ و بەرنامەکانی کۆنفدراسیۆن بۆ یەکخستن و رێکخستنی کوردستانیانی کەنەدا کرد و، بەڵێنیدا لە هاوکاری و پشتیوانی یاسایی درێغی نەکات.
لەکۆتایی دیدارەکەدا، هەردوولا پاش تاوتوێکردنی کۆمەڵێ پێشنیار، بڕیاریاندا بەشێوەی کردەیی لەسەر ئاستی پەرلەمان و بەشێک لە بنکە و دامەزراوەکانی کەنەدا، بە کردەوە کاری لەسەر بکەن و، بەم جۆرەش پەیوەندی نێوان خەڵکی کەنەدا و کوردستان پتەوتر بکەن.