وەزیری ناوخۆی نەمسا دەڵێ، وڵاتەکەی پلانی هەیە پشکنینی سنوورەکانی لەگەڵ هەنگاریا و سلۆڤینیا بۆ شەش مانگی دیکە درێژ بکاتەوە، چونکە ئەوە هۆکار بووە بۆ کەمبوونەوەی گەیشتنی کۆچبەران بە وڵاتەکەی.
وەزیری ناوخۆی نەمسا گێرھارد کارنەر بە ڕادیۆی ORFی وڵاتەکەی ڕاگەیاند، کە نەمسا ساڵی ڕابردوو بەهۆی کۆچبەران رووبەڕووی پەستان بۆتەوە، چونکە زیاتر لە 110 هەزار داواکاری پەنابەرێتییان تۆمار کردووە.
ئەوەشی خستۆتەڕوو، لە شوباتی ئەمساڵدا 2600 داواکاری پەنابەرییان پێگەیشتووە، لە کاتێکدا لە تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوودا 12 هەزار داواکاری پەنابەری هەبووە، هۆکاری کەمبوونەوەی پەنابەرانیشی بەهۆی چالاککردنی کۆنترۆڵ سنووری هەنگاریا و سلۆڤینیا گەڕاندەوە.