لە ئیتالیا هاوکاری ئەم کۆچبەرانە دەکرێت

سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان، یونیسێف ڕایگەیاند، کە لە ساڵی 2022 دا توانیویانە یارمەتی بۆ زیاتر لە 20 هەزار کۆچبەری خوار تەمەن 18 ساڵی لە ئیتاڵیا دابین بکەن، کە بەلایەنی کەمەوە چارەکێکیان خەڵکی ئۆکرانیا بوون.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکان، یارمەتی و پشتیوانی کۆچبەران و پەنابەرانی منداڵان و هەرزەکاران لە ئیتاڵیا کراوە، کە نزیکەی 14 هەزار منداڵ، لەنێویاندا 5،000 ئۆکرانی، پشتیوانییان وەرگرتووە لە پرۆسەکانی بەدەستهێنانی مافەکانیان و باشترکردنی ستانداردەکانی وەرگرتن و پاراستنیان.

سەرەڕای ئەوەش، 279 هەرزەکار لە خێزانە خانەخوێکاندا دانراون، یا لەلایەن ڕاوێژکارانەوە پشتگیری کراون، هاوکات تواندراوە 2000 منداڵ لە بەرنامەکانی پەرەپێدانی زمان و دیجیتاڵی و کارامەیی کرداری بەشدارییان پێبکرێت، لەوانە 500یان ئۆکرانی بوون.

نزیکەی 10،700 کەسی دیکە، لەنێویاندا زیاتر لە سێ هەزار منداڵ و نزیکەی حەوت هەزار ژن، لەڕێگەی سەنتەرەکانەوە یارمەتییان پێدراوە.

ڕەنگە بە دڵت بن