ڕاپۆرتێکی نوێ دەریخستووە، کە نزیکەی نیوەی ئەو ژنانەی پەنابەرن لەگەڵ هاوسەرەکانیان جیابوونەتەوە و لە دۆخێکی ئابووری سەختدا دەژین.
لە ڕاپۆرتێکدا ڕێکخراوی ڕزگارکردنی منداڵان Save the Children بڵاویکردۆتەوە، کە ژنانی پەنابەر لە سوید، ڕێژەیەکی زۆر لەو پەنابەرانە پێکدەهێنن کە داوای مافی پەنابەرێتی دەکەن، دەشڵی، بە مانەوەیان لە سوید دوای بەدەستهێنانی مافی نیشتەجێبوون، دەکەونە دۆخێکی سەختی ژیان تا ئاستی هەژاری ئابووری.
زیاتر لە نیوەی ئەو خێزانانەی کە لە مانگی ئەیلولی 2022 داوای پەنابەرییان کردووە، دایکێکی تەنیان لەگەڵ منداڵەکانیان.
ڕاپۆرتەکە ئەوەشی ئاشکراکردووە، کە 41٪ی ئەو خێزانانەی کە لە نێوان ساڵانی 2017 بۆ 2022 گەیشتوونەتە سوید، ژن و منداڵی بێ باوک بوون.
ڕاپۆرتەکە لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوەیەک لەلایەن توێژەری زانکۆی مالمۆ، تۆفی سامزیلیوسەوە ئەنجامدراوە و، ئاماژە بەوە دەکات ژنانی کۆچبەر منداڵیان هەیە، بەڵام هاوسەریان نییە، مەترسی زیاتریان هەیە بۆ بەرپرسیارێتی منداڵەکانیان، ئەوەش بەهۆی نەبوونی پشتیوانی باوکیان.
جگە لە سەختی بەڕێوەبردنی بارودۆخی ژیانیان بەهۆی نەبوونی پەیوەندی و لاوازی زمانی سویدی، ئەم خێزانانە زۆرترینیان بێکارن و پشت بە یارمەتی کۆمەڵایەتی دەبەستن.
هەروەها بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ئەو دایکانەی لە دەرەوەی وڵات لەدایکبوون، ئەستەمترە بتوانن بچنە ناو بازاڕی کار، ئەمەش ئەگەری ژیان لەگەڵ منداڵەکانیان لە دۆخێکی هەژاری درێژخایەندا زیاد دەکات و، خێزانەکانیان دەخاتە بەردەم مەترسییەکی گەورە.