بەندکراوێکی سیاسیی کورد، دوای دوو ساڵ لە دەستگیرکرانی، دەزگای دادوەری رژێمی ئیسلامیی ئێران، بە تۆمەتی “موحارەبە” سزای سێدارەی بەسەردا سەپاندووە و، ئەو سزایەش بەفەرمی بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.
بەگوێرەی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ نایب عەسکەری، تەمەن ٤٦ ساڵی خەڵکی شاری ئورمیە، لە ماوەی ڕابردوودا لەلایەن لقی٢ی دادگای شۆڕشی رژێمی ئیسلامی بە تۆمەتی “موحارەبە” لەڕێگەی ئەندامێتی پارتێکی کوردی سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ناوبراو پێشتر لە هەرێمی کوردستان ژیاوە و، دوای ئەوەی گەڕاوەتەوە رۆژهەڵات، خۆی بە دەزگا ئەمنییەکانی ئەو شارە ناساندووە، بەڵام سوپای پاسداران ئەماننامەی نووسراویان نەداوەتە ناوبراو و، تەنیا بەشێوەی زارەکی و لە ڕێگەی ناسراوێکیانەوە ئەماننامەی پێدراوە، وە لە کاتی چوونەوەی بۆ ئورمیە، ئەوان ئاگادار بوون، بەڵام ئێستا ڕایانگەیاندووە کە ئێمە ئەماننامەمان نەداوە.
ناوبراو دوای سێ مانگ ڕاگیران لە ژووری تاکەکەسیی دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی رژێمدا بووە لە ئورمیە و، بە سەختی ئەشکەنجە درابوو، دواتر بۆ گرتووخانەی ناوەندی ئورمیە گوازراوەتەوە.