کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، بەبۆنەی تێپەڕێنی سی و شەش ساڵ بەسەر کیمیابارانکردنی بالیسان و دۆڵی خۆشناوەتی، پەیامێکیان بڵاوکردەوە، کە وێڕای ناردنی سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدان، هاوکات داواش لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەن، جارێکی دیکە رێ نەدرێ وەها چەکێکی یاساغ بەکار بهێندرێتەوە.
دەقی پەیامەکە:
بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان
ئەمڕۆ ساڵیادی کیمیابارانکردنی بالیسان و شێخ وەسانانی دۆڵی خۆشناوەتییە، کە سی و شەش ساڵ پێش ئێستا و لەرێککەوتی 16.04.1987 حکومەتی پێشووی عێراق، چەکی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتی دژی هاوڵاتیانی ئەو دەڤەرە بەکارهێنا، کە بووە هۆی شەهیدبوونی 280هاوڵاتی و پتر لە 300 هاوڵاتی بریداربوون، تا ئێستاش ئاسەواری ئەو چەکە کۆمەڵکوژییە بەسەر جەستە و دەروونیانەوە ماوە.
ئەم کارەساتە پەڵەیەکی ڕەشە بە نێوچاوانی حکومەتی پێشووی عێراق، کە دژ بە خەڵکی کوردستان بەکاری هێنا، مخابن هەمیشە دوژمنان شکستەکانیان دژ بە هاوڵاتیانی کوردستان بووە.
لە ساڵیادی ئەم کارەساتەدا، وەک کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی ئەم کارەساتە دادەنەوێنین و، داواکارین لە کۆمەڵ و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و مافی مرۆڤ، ڕێ لە بەکارهێنانی ئەم جۆرە چەکە ژەهراوییانە بگرن.
ڕەوەندی کوردستانی لە دەرەوە، هەمیشە بەشکۆوە یادی شەهیدان و قوربانیانی ڕێگای ڕزگاری و ئازادی کوردستان دەکەنەوە.
دووبارەی سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی بالیسان و شێخ وەسانان و دۆڵی خۆشناوەتی و گشت شەهیدانی کوردستان.
مردن و سەرشۆڕی بۆ دوژمنان و ناحەزانی کوردستان
کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی
16.04.2023